لە سلێمانی پێشانگەی تایبەتی هونەرمەند عەباسی کەمەندی دەکرێتەوە

پێشانگەی تایبەتی عەباسی کەمەندی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەژێر ناوی "کیژی لادێ"، لە سلێمانی لە مۆزەخانەی جەمال نەبەز دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە تایبەت دەبێت بە ناساندنی ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی عەباسی کەمەندی، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی هونەر و کولتووری کوردی. ئەم پێشانگەیە تەنیا پیشاندانی وێنە و بەڵگەنامە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی ژیان و ئەزموونی هونەریی کەسێک کە بە ماوەی چەندین دەیە لە خزمەتی هونەر و کولتووری کوردستاندا بووە."

جەزای ساز گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی پێشانگەکەدا، ژمارەیەک وێنەی مێژوویی، بەڵگەنامە، دەستنوسی تایبەت، یادگاری و بەرهەمە هونەرییەکانی عەباسی کەمەندی پێشکەش دەکرێن، کە بەشێکی گرنگ لە گەشتە هونەری و ژیانی ئەو کەسایەتییە دەخەنەروو. ئامادەبووان دەتوانن لە رێگەی ئەم بەڵگانەوە ئاشنابن بە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی، کارە هونەرییەکان و ئەو کاریگەرییەی لەسەر بزووتنەوەی هونەری کوردی هەیبووە."

جەزای ساز باس لە تایبەتمەندیی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "پێشانگەکە تایبەتمەندییەکی دیکەشی هەیە، بریتییە لە پیشاندانی فەرش و شێوەکارییە کوردییەکان. ئەم بەشە هەوڵدەدات جوانییەکانی هونەری رەسەنی کوردی و پەیوەندیی نێوان هونەرە دەستکارەکان و ناسنامەی کولتووری کوردستان بخاتە بەرچاو. بەشێک لەو کارانە لەلایەن هونەرمەند هوشیار جەمال سەگەرمە ئامادەکراون و تیشک دەخەنە سەر رەنگ و رەهەندەکانی هونەری کوردی."

سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوارچێوەی پێشانگەکەدا، کۆمەڵەی هونەریی میللیی کوردستانیش بەشداری دەکات و بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆی پێشکەش دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکییەکە تەنیا وەک پێشانگەیەکی یادەوەری نەبێت، بەڵکو ببێتە کۆبوونەوەیەکی هونەری و کولتووری کە تێیدا چەندین جۆرە هونەر تێیدا یەکدەگرنەوە."

جەزای ساز باس لە ئامانجی کردنەوەی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "ئامانج لە پێشانگەکە پاراستنی میراتی هونەرییە، چونکە عەباسی کەمەندی بە یەکێک لەو کەسایەتییانە دادەنرێت کە لە رێگەی هونەر و بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی بە کولتووری کوردی کردووە. بۆیە پێشانگەکە دەرفەتێکە بۆ خوێنەران، توێژەران، هونەرمەندان و حەزخوازانی کولتوور، تاکو لە نزیکەوە ئاشنا بن بە بەشێک لەو گەنجینەیەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە."

پێشانگەی تایبەتی عەباسی کەمەندی، هونەرمەندی ناسراوی کورد لە ژێر ناوی "کیژی لادێ"، ئەمڕۆ شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، لە سلێمانی لە مۆزەخانەی جەمال نەبەز دەکرێتەوە.

عەباسی کەمەندی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1952 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. کەمەندی لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەستیکردووە بە کاری ھونەری و یەکەم خەڵاتی زمانی کوردی وەرگرتووە بۆ نووسینی چیرۆکێکی کوردیی بەناوی "شەوبۆ و حەمە شوان" بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نووسەر بۆ رادیۆی سنە. کەمەندی زۆربەی گۆرانییەکانی بریتیبوون لە گۆرانیی ناوخۆیی کوردی، و لەجیاتی وتنەوەی گۆرانیی فۆلکلۆری، شیعری کوردی دەکردە گۆرانی. کەمەندی لە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئایاری 2014، لە تەمەنی 62 ساڵیدا، بەھۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی دەکات.