قەدەخەی راوی ماسی کۆتایی دێت و ئاستی خۆبژێویش گەیشتووەتە 60%
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کات و وردەکارییەکانی کۆتاییهاتنی وەرزی قەدەخەی راوەماسی و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، بێستون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ وەک پێشتر بڕیاری لێ درابوو، رۆژی 15ـی حوزەیران دوایین رۆژی قەدەخەی راوەماسی دەبێت و لە 16ـی مانگەوە راوکردن بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە.
سەبارەت بەو شێوازانەی کە بەگوێرەی یاسا بۆ راوکردن قەدەخەن، بێستون نەجمەددین گوتی: "راوکردن بە کارەبا، ژەهر، مادەی کیمیاوی، تەقەمەنی و تۆڕی کونورد بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە." هۆکاری قەدەخەکردنی تۆڕی کونوردیشی بۆ پاراستنی پەنجەماسییە بچووکەکان گەڕاندەوە تاوەکو زیان بە سامانی ماسی لە ساڵانی ئاییندە نەگات.
لەبارەی سزای ئەو کەسانەی سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی رایگەیاند؛ سزاکان بەگوێرەی قەبارەی تاوانەکە دەبن و دادوەر بڕیاریان لەسەر دەدات؛ سزاکانیش لە پێبژاردنی داراییەوە دەست پێ دەکەن تاوەکو دەگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن.
بێستون نەجمەددین جەختی کردەوە، بارانی ئەمساڵ و پڕبوونی بەنداوەکان کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و گەرایەکی زۆر لە لێواری ئاوەکان و ناو گیاوگۆڵەکان داندراوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری پەنجەماسی لە بەنداو و رووبارەکاندا.
سەبارەت بە ئامارەکانی بەرهەمهێنانیش، گوتی: "ساڵانە 35 بۆ 40 هەزار تۆن ماسی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی ساڵانەی هەرێم 65 هەزار تۆنە. ئێستا ئاستی خۆبژێوی ماسی زیندوو گەیشتووەتە 50 بۆ %60." ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی بەرهەمی ناوخۆ لە نێوان مانگی 10 بۆ مانگی یەک دێتە بازاڕ.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر ماسی کارپ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان پڕۆژەی ماسی سەلەمون هەن کە بەهۆی تێچووی زۆر و پێویستییان بە ئاوی سارد و سازگارە، ژمارەیان کەمترە.
سەبارەت بە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیش، رایگەیاند؛ لە کاتی زیادبوونی بەرهەمدا رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت و بەپێی پێویستی و عەرز و تەڵەب ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی رایگەیاند؛ لەم کابینەیەی حکوومەتدا زیاتر لە 200 پڕۆژەی ماسی زیاد کراوە. گوتیشی: "هەوڵمان داوە رۆتین کەم بکەینەوە بۆ ئەوەی رەزامەندی پڕۆژەکان بە زووترین کات دەربچێت." هەروەها ئاماژەی بە لێخۆشبوونی گومرگی کرد بۆ ئەو کەلوپەلانەی بۆ پڕۆژە مۆدێرنەکان پێویستن و هەندێک لە پێکهاتەکانی ئالیک، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان.