کەرکووک..لەکاتی لابردنی زیادەڕۆییەکان 3 پۆلیس بریندار بوون
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایدەگەیەنێت، لەکاتی تێکدانی چەند خانوویەکی زیادەڕۆ لە گەڕەکی عەسکەری، بەهۆی هێرشی بەشێک لە هاووڵاتییانەوە 3 پۆلیس بە سووکی بریندار بوون و جەختیش دەکاتەوە کە تەواوی هێرشکاران دەستگیر دەکرێن.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند، لەکاتی لابردنی زیادەڕۆ لە گەڕەکی عەسکەری شاری کەرکووک، کە چەند هەیکەلێکی خانوو بوون و بە نایاسایی دروست کرابوون، ژمارەیەک هاووڵاتی رێگرییان لە لێژنەکە کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هاووڵاتییانە بە بەرد رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس و لێژنەکە بوونەتەوە، لە ئەنجامی ئەو گرژییانەشدا 3 پۆلیس بە سووکی بریندار بوون.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانیش، عامر شوانی ئاشکرای کرد، هەموو ئەو هێرشکارانەی بەردیان تێگرتوون دەستگیر دەکرێن و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو زیادەڕۆیانەی دروست کراون، هەڵدەگیرێن و دەڕووخێنرێن.