ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی ئێران رێکدەخات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە بە بەشداری یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی ئەنجام دەدات، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەیە کە ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە.
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران هەڕەشەی کردووە کە لە ماوەیەکی کەمدا هێرش دەکاتە سەر تەل ئەڤیڤ، ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل بە فەرمانی راستەوخۆی ناتانیاهۆ و کاتز، هێرشێکی ئاسمانی توندی کردە سەر زاحیەی باشووری بەیروت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، جەختی کردەوە، تاران وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە و بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەئازاری دا.
رەزایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "وەڵامدانەوەکە لە رێگایە و داوای کرد چاودێری ئاسمانی ناوچە داگیرکراوەکان بکرێت لە ئەمشەودا.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، گرووپی هاکەرزی "حەنزەلە" پەیامێکی هۆشدارییان ئاراستەی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل کردووە و داوایان لێکردوون دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
سەبارەت بە هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان، ئیسرائیل پێشوەختە واشنتنی لە هێرشەکەی سەر ناوچەی "مەریجە" لە زاحیەی باشوور ئاگادار کردووەتەوە، سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ هەوڵی رێگری لێکردنی دابێت، پێشتریش سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دابوو کە هەر هێرشێک بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە بەیروت، وەڵامێکی توند بەدوای خۆیدا دەهێنێت.