ئێران سێ شەپۆلی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد
کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکیی لە ناو خاکی خۆیەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سێ شەپۆلی جیاوازی مووشەکی ئاراستە کراون. سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی شارەکان لێ دراوە، هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری ئیسرائیل دەبیسترێت.
شەپۆلی یەکەم: دەستپێکردنی جەنگی مووشەکی
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سەرەتای پەرەسەندنەکان سوپای ئیسرائیل (IDF) لە راگەیەندراویکدا رایگەیاند، چەندین مووشەک لە ناو خاکی ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر ئامادەکارییان بۆ ئەم ئەگەرە کردبوو و سیستەمەکانی "قەڵغانی ئاسنین" و بەرگریی ئاسمانی کەوتوونەتە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان.
راپۆرتە سەرەتاییەکان لە شەپۆلی یەکەمدا باسیان لە هەڵدانی ژمارەیەکی کەم لە مووشەکەکان دەکرد، بەڵام دواتر هێرشەکان چڕتر بوونەوە.
شەپۆلی دووەم
میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی مووشەکباران بەڕێوەیە. کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە دوای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلە، چەندین تەقینەوەی گەورە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئیسرائیل (چەقی تەلئەڤیڤ و دەوروبەری) روویان داوە.
شەپۆلی سێیەم
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی، رایگەیاند کە شەپۆلی سێیەمی هێرشە مووشەکییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل دەستی پێ کردووە. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە ئاسماندا دەبیسترێت، کە نیشانەی چالاکبوونی سیستەمە بەرگرییەکان و کەوتنی مووشەکەکانە.
ئەم هێرشە مووشەکییانەی تاران وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و ناوچەی زاحیە. ناوچەکە ئێستا لەسەر لێواری جەنگێکی گشتگیردایە و چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل و ئەمریکا وەڵامی توندی ئەم هێرشانە بدەنەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە ئەم هێرشانە وەڵامێک بووە بۆ بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "زاحیە" لە بەیرووت. تاران جەختی کردەوە: "ئەمە تەنیا ئاگادارکردنەوەیەکە؛ ئەگەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک دووبارە ببێتەوە، تەواوی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بە ئامانجی رەوا دادەنرێن و وەڵامێکی توندترمان دەبێت."
بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە فشارە سەربازییەکانیان تا ئەو کاتەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت. بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران بە رێژەی 90% کەمی کردووە و بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە، وڵاتەکە رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات.