بەقایی: جەنگ و دیپلۆماسی یەکناگرنەوە

ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "لە هەر شوێنێک پێویست بێت و لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایشی ئێمەدا بێت، بە دڵنیاییەوە هەنگاوی بۆ دەنێین، بەڵام کاری دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ یەکانەگیر نابن".

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "ناتوانین رێگە بە ئیسرائیل یان ئەمریکا بدەین کە ئەم بارودۆخە بقۆزنەوە و هەموو رۆژێک هێرشەکانیان دووبارە و فراوانتر بکەن و لە بەرانبەردا بە سادەیی لێدوانێکی گشتی بدەن کە گوایە هێشتا بە ئاگربەستەوە پابەندن، لە کاتێکدا ئاگربەست بە بەردەوامی پێشێل دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو بە تەواوی تواناکانیانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر بارودۆخێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانی ئێران، لە ئامادەیی تەواو دان.

ئیسماعیل بەقایی دەڵێت " ئەگەر بڕیار بێت لۆژیکی ئەم دانوستانانەی هەیە لەلایەن ئیسرائیل یان هەر یەک لە لایەنەکانەوە شێوێنرێت، بە دڵنیا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هیچ کاریگەری و رۆڵێکیان نابێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: لێکەوتەی پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە ئەستۆی ئەمریکایە، چونکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکیی سەپاندنی ئەم شەڕەیە دژ بە ئێران و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات؛ ئەمە هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا بووە. ئێستاش سەرەڕای بانگەشەی کاربەدەستانی ئەمریکا، بەڵام دڵنیاین کە فەرماندەیی سێنتکۆم بە تەواوی هەماهەنگ و هاوکاریی ئیسرائیلە.

گوتیشی: ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە بەرپرسیارییەتی ئەمریکا، وەک لایەنێکی رێککەوتنی ئاگربەستی 10ی نیسان، روونە. هەرچییەک لە ناوچەکەی ئێمەدا رووبدات، جا پێشێلی ئاگربەست یان هێرشی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران، یاخود دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئێران بێت یان هێرشی ئیسرائیل بێت بۆ سەر لوبنان، ئەوە بەرپرسیارییەتی لێکەوتەکان راستەوخۆ لە ئەستۆی ئەمریکادا دەبێت، بۆیە هەر رەفتارێکی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە دەرەوەی سیاسییەکانی ئەمریکا نییە.