حووسییەکانی یەمەن چوونە جەنگەوە
حووسییەکانی یەمەن هێرشکردنە سەر تەلئەبیب و سەپاندنی گەمارۆیەکی توندیان بەسەر هاتوچۆی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور راگەیاند، هۆشداریش دەدەن لە فراوانکردنی هێرشەکانیان.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر لوبنان، غەززە و ئێران، هێزەکانمان بە چەند مووشەکێک چەند ئامانجێکی گرنگیان لە ناوچەی یافای داگیرکراو پێکا".
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سێ خاڵی سەرەکی وەک بڕیاری نوێی هێزەکانیان راگەیاند، ئەوانیش:
یەکەم: قەدەخەکردنی تەواوەتی هاتوچۆی هەموو کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور، لەمەودوا هەر جووڵەیەکی ئەو کەشتییانە دەبێتە ئامانجێکی رەوای هێزەکانیان.
دووەم: پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران و غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرەکانی دیکەی بەرگری.
سێیەم: پێداگری لەسەر مافی گەلەکەیان و گەلانی ناوچەکە بۆ بەرگریکردن و بەردەوامبوونی کردەوە سەربازییەکانیان تا ئەو کاتەی گەمارۆ و هێرشەکان رادەگیرێن.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا یەحیا سەریع ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ ئەو گەمارۆ و هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرەکەیان، روونیشی کردەوە، کردەوە سەربازییەکانیان لە داهاتوودا زیاتر و بەهێزتر دەبن.
نوێبوونەوەی جەنگەکە
شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە؛ سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە.
سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندان ئامانجی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هاوکات هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووە، لە رووی هێرشکردن و بەرگرییەوە بە تەواوەتی ئامادەن و چاودێریی هەموو جموجووڵەکانی ئێران دەکەن. هاوکات، بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئەم هێرشە پێچەوانانە، چەند رۆژێک دەخایەنن.