چین نیگەرانە بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران
حکوومەتی چین رایگەیاند، بە قووڵی نیگەرانە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و داوا لە هەردوولا دەکات پابەندی ئاگربەست بن و کێشەکانیان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن. هاوکات باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە هاووڵاتییانی لە ناو خاکی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ دووشەممە، لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دۆخی ئێستا بۆ چین جێگای نیگەرانییەکی قووڵە." ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێکردنەوەی جموجۆڵە سەربازییەکان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و هیواخوازە هەموو لایەنەکان پابەندی ئاگربەست بن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان بەردەوام بن لە گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بگەنە ئاگربەستێکی گشتگیر و بەردەوام لە ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی چین لە ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە، بەوپەڕی وریاییەوە چاودێری پەرەسەندنەکان بکەن و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
باڵیۆزخانەکە داواشی لە چینییەکان کردووە لە بنکە سەربازییەکان و شوێنە هەستیارەکان دووربکەونەوە، هاتوچۆ کەم بکەنەوە و لە کاتی بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە رێگەی مۆبایلەکانیان یان زەنگی هێرشی ئاسمانی، دەستبەجێ بچنە پەناگەکان.
ئەو راگەیەندراوەی حکوومەتی چین لە کاتێکدایە کە بە هۆی هێرشی مووشەکییەوە بۆ سەر یەکتری، جارێکی دیکە مەترسی هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.