زەیدی: چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و رایگەیاند حکوومەتی عێراق رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت، هاوکات ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هەر گۆڕانکارییەکی ناوچەیی دووپات کردەوە.

دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەباح نەعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانیان لەسەر سەقامگیریی ناوخۆی عێراق تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدی جەختی کردەوە کۆنترۆڵکردنی چەک لە ژێر رکێفی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هێڵی سوورە و بڕیار درا لێپرسینەوەی توند لەگەڵ هەر لایەن و گرووپێکدا بکرێت، هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵات یان بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی یاسا بدات. پاراستنی سەروەریی نیشتمانی عێراق وەک ئەولەویەتی یەکەمی قۆناخەکە دیاری کرا.

حکوومەتی عێراق لە رێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە هەڵوێستی فەرمیی خۆی راگەیاند و دووپاتی کردەوە کە: "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین خاک و ئاسمانی عێراق بکرێتە بنکەیەک یان رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ." زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاسایشی عێراقەوە هەیە، بۆیە پاراستنی ئەم هاوسەنگییە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی دا بە گرتنەبەری زنجیرەیەک رێکاری خۆپارێزی و وەڵامدانەوەی خێرا. ئەم بڕیارانە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا دەرکراون، تاوەکو عێراق لە هەر ئەگەرێکی وێرانکەر بپارێزرێت.