لە سلێمانی پێشانگەی هونەری سیرامیکی هاوچەرخ کرایەوە
پێشانگەی هونەری سیرامیکی هاوچەرخ، لەژێر ناونیشانی "ئەزموونە جیاوازەکانی سیرامیک"، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، رۆژگار کەمال، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە تەنیا کۆکردنەوەی چەند بەرهەمێکی سیرامیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پیشاندانی جیاوازیی ئەزموون و تێڕوانینی چوار هونەرمەند وەکو، لەنجە، رۆزا، شیبا و ئەژین، کە لە بەکارهێنانی گڵ و سیرامیک وەک ماددەیەکی هونەری کارەکانی خۆیان نمایش کرد."
رۆژگار کەمال گوتیشی، "کارەکان تیشک دەخەنە سەر چەند بابەتێکی سەرەکی وەکو، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت، کە لە زۆربەی فۆڕمەکاندا شوێنەواری شێوە سروشتییەکان و هێڵە ئارامییەکان دەبینرێت. گەڕان بە دوای ناسنامەی کولتووری، بە بەکارهێنانی شێوە و رەنگگەلێک کە یادەوەری مێژووی پیشەسازی و هونەری ناوچەکە دەکەنەوە. تاقیکردنەوەی تەکنیکی نوێ لە دروستکردنی رووکار، پلەی سووتاندن و تێکەڵکردنی ماددە جیاوازەکان، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی نوێ و ناوازە."
رۆژگار کەمال باس لە گرنگی ناونیشانی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "هەروەها ناونیشانی پێشانگەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەر بەشداربوویەک زمانێکی تایبەتی خۆی هەیە. هەندێک کار گرنگی بە فۆڕم و قەبارە دەدەن، هەندێکی تر بە رەنگ و رووکار، و هەندێکیش بە بیرۆکە و پەیامی ناو بەرهەمەکە. بەم شێوەیە بینەر لەگەڵ کۆمەڵێک دید و ئەزموونی جیاواز رووبەڕوو دەبێتەوە، نەک تەنیا لەگەڵ چەند شتێکی جوان بۆ سەیرکردن."
رۆژگار کەمال ئاماژەی بەوەش دا، "پێشانگەکە هەوڵدەدات سیرامیک وەک بوارێکی هونەری هاوچەرخ بناسێنێت، چونکە لە هونەری ئەمڕۆدا سیرامیک تەنیا ئامرازێکی بۆ دروستکردنی قاپ و گۆزە نییە، بەڵکو بۆتە میدیایەک بۆ دەربڕینی بیر، هەست، یادەوەری و پرسیارەکانی مرۆڤی هاوچەرخ. لەبەر ئەوە، بەرهەمەکان لە نێوان کاری پیشەسازی و کارە هونەرییە چەمکییەکاندا جووڵە دەکەن و گفتوگۆیەک لەسەر جوانی، ناسنامە و داهێنان دروست دەکەن."
پێشانگەی هونەری سیرامیکی هاوچەرخ، لەژێر ناونیشانی "ئەزموونە جیاوازەکانی سیرامیک"، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی کرایەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.