عێراق 145 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە
وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئامارێکی نوێی دەربارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 145 کەس بە شێوەیەکی تاقیگەیی پشتڕاستکراوەتەوە کە تووشی نەخۆشییەکە بوون و 9 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
دووشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، رایگەیاند، وەزارەت رۆژانە لە رێگەی تیمەکانی چاودێری پزیشکییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە لە هەموو پارێزگاکان دەکات، بەپێی ئامارەکان، تەنها لە هەفتەی 23ـی ئەمساڵدا 40 تووشبووی نوێ و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، دابەشبوونی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
پارێزگای زیقار : 74 تووشبوون و 6 گیانلەدەستدان.
پارێزگای موسەننا : 18 تووشبوون.
پارێزگای میسان : 9 تووشبوون.
پارێزگای دیالە : 8 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
پارێزگای بابل : 7 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
پارێزگای بەسرە : 6 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
پارێزگاکانی دیکەش وەک بەغدا، نەینەوا، کەربەلا، کەرکووک، سەڵاحەددین، ئەنبار، دیوانییە و نەجەف لە نێوان یەک بۆ سێ تووشبوویان تێدا تۆمارکراوە بێ ئەوەی گیانلەدەستدانیان تێدا بێت.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە، پابەندی ئەم رێکارە خۆپارێزییانە بن:
1- گۆشت تەنها لەو کوشتارگانە بکڕن کە مۆڵەتی تەندروستییان هەیە.
2- رێگری بکرێت لە لەوەڕاندن و سەر بڕینی ئاژەڵ لە ناو گەڕەکەکان و بە شێوەی سەرپێچی.
3- بەکارهێنانی دەستکێش و جلی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و پاشماوەکانیان.
4- کوڵاندنی گۆشت بە پلەی گەرمی زۆر بەرز و بۆ ماوەیەکی تەواو.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیکردەوە، نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە قۆناغی یەکەمدا بە بەرزی پلەی گەرمی، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی جەستە و ماندوێتی دەستپێدەکات، دواتر رەنگە پەرەبستێنێت بۆ خوێنبەربوون لە ژێر پێست یان لە کونەیلەکانی جەستە، جەختیشی کردەوە، سەردانی کردنی زووی بنکە تەندروستییەکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆش هەیە.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەرکی ئەوان دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چارەسەرە، بەڵام روبەڕووبوونەوەی مێرووی "قڕنە" و قەدەغەکردنی سەر بڕینی ئاژەڵ بە شێوەی هەڕەمەکی، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە ئەمنییەکان و شارەوانییەکانە.