پۆستەری مۆندیال بە زمانی کوردی لە کەنەدا هەڵواسراوە
کۆمیسیۆنی گواستنەوەی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵمەتێکی بەربڵاوی رێکلامی بە چەندین زمانی جیاواز، لە نێویاندا بە زمانی کوردی لەناو میترۆ و شەمەندەفەرەکان دەستپێکردووە.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ یارییەکانی مۆندیال، پۆستەری تایبەت لەناو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا هەڵواسراون. لەسەر بەشێک لەم پۆستەرانە وشەی "بەخێربێن" بە زمانی کوردی و هاوشانی زمانەکانی دیکەی جیهان نووسراوە. ئەم هەنگاوە بووەتە جێگەی سەرنجی سەرنشینان و میوانانی شارەکە.
ئەم کارەی کەنەدا کاردانەوەی ئەرێنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە. بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە و دەڵێن پێگەی زمانی کوردی لە کەمپەینێکی گەورەی وەکوو مۆندیالی فیفا جێگەی شانازییە.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە دا، هەزاران کوردی دانیشتووی تۆرۆنتۆ لە رابردوودا لە زێدی خۆیان تەنیا لەسەر نووسینی پیتێک، وشەیەک، گۆرانییەک یان پەڕتووکێک بە زمانی دایکیان رووبەڕووی لێپرسینەوە و زیندانیکردن بوونەتەوە، بەڵام ئێستا بە بینینی ئەم تابلۆیانە هەست دەکەن ئەم شارە هی ئەوانە.
مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە نێوان سێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوە دەچێت و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا 48 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن. شاری تۆرۆنتۆ یەکێکە لەو شارانەی کەنەدا میوانداریی یارییەکان دەکات.
تۆرۆنتۆ بە یەکێک لە شارە هەرە فرەکلتوور و فرەزمانەکانی جیهان دادەنرێت و رەوەندێکی زۆری کوردی لێ دەژی. بەم هۆیەوە کۆمیسیۆنی گواستنەوەی شارەکە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و هاندەران، بەردەوام هەوڵ دەدات رێز لە فرەچەشنیی زمانەکان بگرێت، لە نێویاندا زمانی کوردی بۆتە بەشێک لەم هەڵمەتە جیهانییە.