30 تابلۆی ئازاد مەخمووری لە گەلەری هەولێر دەدوێن
ئازاد مەخمووری، هونەرمەندی شێوەکار، شەشەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناوی "تابلۆکان دەدوێن"، لە هەولێر لە گەلەری میدیا کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، ئازاد مەخمووری، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی گوت، "ئەم پێشانگەیە نزیکەی 30 تابلۆ لەخۆ دەگرێت کە بە قەبارە و رەهەندی جیاواز ئامادە کراون.
کارەکان هەموویان لە چوارچێوەی هونەری گرافیکدا دروست کراون، بەڵام لە رووی ناوەڕۆک و زمانە شێوەکارییەکەوە زیاتر ئاراستەی تەجرید دەگرن، ئەو ئاراستەیەی کە من تێیدا هەوڵ دەدەم بە دوور لە وێنەکردنی راستەوخۆی شتەکان، هەست و بیرۆکە و چەمکە ناوەوەییەکان بخەمە بەرچاوی بینەر."
ئازاد مەخمووری گوتیشی، "من لەم کارانەدا ماددەی پلێت و کەتەرم بەکارهێناوە، کە لە رێگەی ئەو ماددانەوە توانیومە رووکەش و پێکهاتەیەکی تایبەت بە تابلۆکان ببەخشم. جیاوازی ئەم کارانە لەوەدایە کە تەنیا پشت بە رەنگ و هێڵ نابەستن، بەڵکو لە رێگەی ملمس و پێکهاتەی ماددییەوەش هەوڵ دەدەن گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ بینەر دروست بکەن."
ئەو شێوەکارە باس لە گرنگی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت،" هەر تابلۆیەک ئەزموونێکی تایبەت و هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی زمانێکی تازە لە شێوەکاریدا، زمانێک کە تێیدا رەنگ، جوڵە، رووناکی و تاریکی و هەروەها پێکهاتەی ماددەکان هاوبەش دەبن بۆ دروستکردنی مانایەکی فراوانتر. بۆیە کارەکان تەنیا بۆ سەیرکردن نییە، بەڵکو بانگەوازێکن بۆ لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز لەلایەن هەر بینەرێک."
ئازاد مەخمووری ئاماژەی بەوەش دا، "من لە ماوەی ساڵانی رابردوودا توانیومە ستایلێکی تایبەت بە خۆم دروست بکەم، ستایلێک کە لە تێکەڵبوونی هونەری گرافیک و تەجریدی هاوچەرخ پێک هاتووە و رەنگدانەوەی ئەزموونی کەسی و دیدگای تایبەتی منە. هەر بۆیەش کارەکانم لە یەکەم سەیرکردندا ناسراون و شوێنەواری تایبەتی منی لەسەر دیارە."
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شێوکاری و کاری دەستی، شەشەمین پێشانگەی تایبەتی ئازاد مەخمووری، ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، لە هەولێر لە گەلەری میدیا کرایەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئازاد مەخمووری، هونەرمەندی شێوەکار، خەڵکی هەولێرە. تا ئێستا شەش پێشانگەی تایبەتی خۆی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.