ڤانس: لە دانوستانەکاندا تەنیا بڕوا بە کردەوەکانی تاران دەکەین

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە بەڵێنی سەر کاغەزی ئێران گرنگ نییە، بەڵکو پابەندبوونی کرداری گرنگە و رایگەیاند، ئیدارەکەیان تەنیا رێککەوتنێک قبووڵ دەکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێت و رێگری تەواو لە چەکی ئەتۆمی بکات.

سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیووز"، سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتەکەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران. ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە لە دانوستانەکاندا ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئەوە نییە ئێران چی لەسەر کاغەز دەنووسێت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە ئایا بە کردەوە پابەندی مەرجەکان دەبن یان نا.

ڤانس رەخنەی توندی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و رایگەیاند: "گەورەترین هەڵەی رێککەوتنەکەی ئۆباما ئەوە بوو کە سیستەمێکی چاودێری و پشکنینی وای تێدا نەبوو کە دڵنیایی بدات لەوەی ئێران هەرگیز نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی." جەختی کردەوە ئیدارەی ئێستا هەوڵ بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن دەدات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هەردوو وڵات بەرژەوەندی هاوبەشی زۆریان هەیە، بەڵام هەندێک جار ئامانجەکانیان جیاواز دەبێت. گوتیشی: "سەرۆکی ئەمریکا زۆر روون بووە لەسەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، و ئەمەش لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت بۆ خزمەتکردنی گەلی ئەمریکا."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر دروشمی "سەرەتا ئەمریکا" کردەوە و رایگەیاند پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، رێبەرایەتی هەموو بڕیارەکانیان دەکات لە سیاسەتی دەرەوەدا.