وەزیری وزەی ئەمریکا: هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز زیادی کردووە
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز گەشەیەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و جەختیشی کردەوە واشنتن پرسی ئێران وەک بابەتێکی بنەڕەتی سەیر دەکات و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکات.
سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی" رایگەیاند، هاتوچۆی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی رەوتی وزە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دوای کۆتایی هاتنی گرژییەکان، پێویستی بە چەند مانگێک دەبێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا دەربارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاران گوتی: "ئێران بابەتێکی بنەڕەتییە کە ئێستا چارەسەری دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەسەری؛ ئەمریکا لە پێگەیەکدایە کە رێگەی پێدەدات مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکات."
رایت ئاماژەی بە بەهێزبوونی پێگەی ئەمریکا لە بازاڕەکانی وزەدا کرد و رایگەیاند: "هەناردەی نەوتی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا زیادی کردووە." هەروەها گەشبینی خۆی نیشان دا و گوتی: "داهاتوویەکی زۆر گەش دەبینین کە تێیدا لە ساڵان و دەیەکانی داهاتوودا وزەیەکی زۆر و فراوان بەردەست دەبێت."
ئەم لێدوانانەی وەزیری وزەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی ململانێکانەوە لەژێر چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدایە بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان.