قالیباف: زمانی دیپلۆماسیمان پێ باشە

لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند کە وڵاتەکەی زمانی "شەڕ و هێز" باشتر لە زمانی دیپلۆماسی دەزانێت، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی کرد بەهۆی خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لە گەرووی هورمز.

سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کرد و نووسیویەتی: "ئێمە زمانی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین، بەڵام زمانەکانی دیکە بە رەوانتر قسەی پێ دەکەین.

گوتیشی: پابەندییەکانتان بشکێنن، ئێمەش دەگەڕێینەوە سەر ئەو زمانەی کە لە هەمووی باشتر تێیدا شارەزاین." هەروەها ئاماژەی داوە، "ئەو ئەسپە لێ بخوڕە کە خۆت کورتانت بۆ کردووە!"

ئەم وەڵامەی قالیباف دوای کەمتر لە کاتژمێرێک دێت لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی پێشکەوتووی جۆری "ئەپاچی" لە کاتی دەوریەدان لەسەر گەرووی هورمز. ترەمپ جەختی کردبووەوە کە "پێویستە ئەمریکا وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە."