ئۆکرانیا: رووسیا بەرپرسیاری تێکشکانی کەشتییە ئێرانییەکەیە

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، تاوتوێی ئۆپەراسیۆنەکانی دەریای قەزوین و کوژرانی مەلەوانێکی ئێرانییان کردووە; جەختی کردەوە ئۆپەراسیۆنەکانی کیێڤ تەنیا بۆ بەرگرییە لە بەرامبەر رووسیا و بە هیچ شێوەیەک ئامانجیان کەشتییە مەدەنییەکان نییە، هاوکات مسکۆی بە بەرپرسیاری سەرەکیی تەواوی قوربانییەکانی جەنگەکە ناوبەرد و داوای لە تاران کرد کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ رووسیا بهێنێت.

سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، ئاندری سێبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی راشکاوانەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی دەریای قەزوین و بۆردوومانکردنی کەشتیی بازرگانیی ئێران.

سێبیها ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئۆکرانیا لەم پەیوەندییە دوورخستنەوەی هەر جۆرە پەرەسەندن و گرژییەکی ناپێویست بووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا؛ گوتیشی: "پێم گوت سەرجەم کار و ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکرانیا تەنیا بە ئاراستەی بەرگری لە خۆمانە لە بەرامبەر رووسیا، و ئێمە هەرگیز بە تەمای لێدانی کەشتییە مەدەنییەکان و هاووڵاتییانی بێتاوان نەبووین."

سەبارەت بە لێدوان و ناڕەزایەتییەکانی لایەنی ئێرانی بۆ کوژرانی یەکێک لە مەلەوانەکانیان لە ناو کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی کە لەم دواییانەدا لە دەریای قەزویندا کرابووە ئامانج، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا روونیکردەوە: "ئامانجی ئێمە تەنیا بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی رووسیایە کە هۆکاری سەرەکیی سەرجەم رووداو و کێشەکانە؛ بۆیە خودی رووسیا بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆدایە بۆ سەرجەم هاندانەکان و قوربانییەکانی ئەم جەنگە."

سێبیها داوای لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، تاران لە هەر هەنگاوێکی توند خۆی بپارێزێت و کۆتایی بە پشتگیرییەکانی بۆ جەنگی نادادپەروەرانەی رووسیا دژی ئۆکرانیا بهێنێت، و جەختی کردەوە کە پێگەی وڵاتەکەی لەم بوارەدا نەگۆڕە و هەردوو ناوچەی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایستەی سەقامگیری، ئاسایش و ئاشتین.

هاوکات عەباس عێراقچی،لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، لایەنی ئۆکرانی ڕوونکردنەوەی فەرمی پێشکەش بە تاران کردووە سەبارەت بە ڕووداوی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکەی ئێران.

عێراقچی نووسیویەتی: "لەلایەن ئاندری سێبیها، دڵنیاییمان پێدرا کە هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگری ئێرانی بەبێ مەبەست بووە، و ئۆکرانیا بە هیچ شێوازێک بەدوای پەرەسەندنی گرژییەکاندا ناگەڕێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر هەڵوێستی تاران کردەوە و گوتی: "ئێران خۆیشی حەز ناکات گرژییەکان زیاتر ببن، بەڵام بە ڕوونی ڕامانگەیاندووە کە هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتییانمان یان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بە تەواوی قبووڵنەکراوە. بۆ ئەم کێشەیەش، پێویستە قەرەبوو بۆ سەرجەم زیانە دارایی و مرۆییەکان دابین بکرێت."

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاندبوو، دەزگا هەواڵگرییەکانیان گرووپێکیان دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا نا کە لەبەرژەوەندی ئۆکرانیا هێرشیان کردووەتە سەر هەندێک دامەزراوەی وڵات، هەرچەندە ناوبراو هیچ شوێنێکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد و جەختی کردەوە دۆسیەکە هێشتا زۆر ئاڵۆزە و لێکۆڵینەوەی تێدا بەردەوامە.

لە وەڵامدا، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئەو لێدوانانەی قاسم عەبوودی بە تەواوی رەتکردەوە و بە "بێ بنەما و ناڕاست وەسفی کرد، جەختیشی کردووەتەوە، هیچ جۆرە راستی یان بەڵگەیەک لە ئارادا نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تۆمەتانە و تەنانەت خودی بەرپرسە عێراقییەکەش لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەیدا دانی بەوەدا نا کە دۆسیەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رەخنەی توندی لە ئۆکرانیا گرت بەهۆی بۆردوومانکردنی کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی کە بووە هۆی کوژرانی مەلەوانێکی ئەو وڵاتە.

عێراقچی نووسیبووی: "ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی و بەهۆیەوە مەلەوانێکی کوشتووە. ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە داوای فەرمیی ئیسرائیل ئەنجامدراوە بە مەبەستی راکێشانی دەسەڵاتی ئەوروپا بۆ ناو جەنگەکەی خۆی."

رایگەیاندبوو، بە روونی بە ئەوروپا و رووسیای گەیاندووە کە "ئەو کارەی کە لایەنی ئۆکرانی لە کیێڤ ئەنجامیداوە، بە هیچ شێوەیەک بە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت."