شانۆگەری "سەلمە" لە رووسیا خەڵاتێکی گرنگیی بەدەستهێنا

گروپی شانۆی هەوار لە کەرکووک، بە شانۆگەریی "سەلمە"، بڕوانامەی خەڵاتی دبلۆم بە بردنەوەی کوالێتی بەرزی هونەری و شێوازی نواندنی جیاوازی نمایشی لە خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئۆسترۆڤیسکی لە کینیشمای هەرێمی ئیڤانۆڤۆ لە رووسیا بەدەستهێنا.

دووشەممە، 24ی ئابی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو فێستیڤاڵەدا لەکۆی 16 نمایش، کە 10 وڵات تێیدا بەشداربوو، ئێمە نوێنەرایەتی کوردستانمان کردبوو و توانیمان خەڵاتی دبلۆم بە بردنەوەی کوالێتی بەرزی هونەری و شێوازی نواندنی جیاوازی نمایش بەدەستبهێنین. بۆیە ئەوەی تێدەگەین لێرە ئەوەیە رێزگرتن لە هونەر تەنیا پێزانینی هونەرمەند نییە بەتەنیا، بەڵکو باوەڕە بەوەی هونەر دەتوانێت مرۆڤ لە بیرچوونەوە و لە ونبوونی یادەوەرییەکانی بپارێزێت. لە رووسیا هەستمان کرد کە شانۆ تەنیا لەسەر تەختەی شانۆ ناژیت، بەڵکو لە هۆشیاریی و دڵی خەڵکدا دەژی."

نەژاد نەجم باس لە چیڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم نمایشە کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و نمایشەکە هەوڵدەدات بە زمانی شانۆ، بیرەوەریی قوربانییان زیندوو بڕەوێنێتەوە و رووناکی بخاتە سەر ئەو ئازار و زیانانەی کە بەسەر هەزاران خێزان و نەوەکانی کورددا هاتوون. هەروەها نمایشەکە پەیامێکی مرۆیی و جیهانی هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانییان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا."

شانۆگەری "سەلمە"، لە نووسینی د. دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە. هەروەها هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرت رۆڵی سەرەکی لەو نمایشە دەگێڕن، لەگەڵ ستافێکی تەکنیکی و بەڕێوەبەری بەرهەم، لە بەرهەمهێنانی ئەم کارەدا بەشدارییان کردووە.

خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئۆسترۆڤیسکی، لەکۆی 16 نمایش و 10 وڵاتی بەشداربوو، سێشەممە، 18ی ئابی 2026، لە کنیشمای هەرێمی ئیڤانۆڤۆ لە وڵاتی رووسیا بەڕێوەچوو و ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو.