ئەڵمانیا.. حەمە هاشم بە دوو تابلۆ بەشداری کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی هونەری کرد
حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە دوو تابلۆی هونەری، بەشداری لە پێنجەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتکەدا" کرد، کە لە کریفێڵدی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەرفەت دەدەن هونەرمەند لە سنووری شوێن و ژینگەی خۆی دەرچێت و لەگەڵ بیرۆکە و شێوازی نوێی کارکردن ئاشنا بێت."
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "بۆ من وەک هونەرمەندێکی کورد، بەشداری لەم کۆڕبەندەدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز ئاڵوگۆڕی ئەزموون بکەم و لە هەمان کاتدا بەشێک لە هونەر و کولتووری کوردی لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا بناسێنم. ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەرفەت دەدەن هونەرمەند لە سنووری شوێن و ژینگەی خۆی دەرچێت و لەگەڵ بیرۆکە و شێوازی نوێی کارکردن ئاشنا بێت."
گوتیشی، "لەگەڵ کارکردنی هونەرمەندان لەسەر بەرهەمە هونەرییەکان، بەرنامەی کەمپەکە کۆمەڵێک سیمینار و گفتوگۆی هونەریش لەخۆدەگرێت. لەم دانیشتن و گفتوگۆیانەدا ئەزموونی بەشداربووان و بابەتە نوێ و هەستیارەکانی جیهانی هونەر تاوتوێ دەکرێن. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، کاریگەری هەژموونی زیرەکی دەستکرد لەسەر هونەر و داهێنانە؛ بابەتێک لە ساڵانی دواییدا بووەتە یەکێک لە گرنگترین گفتوگۆکانی ناو کۆمەڵگەی هونەری و بواری داهێنان."
حەمە هاشم باس لە نمایشکردنی دوو تابلۆکەی دەکات و دەڵێت، "تابلۆکانی من قەبارەیان گەورەیە و هەریەک مەتر و نیو بە مەتر و نیو گەورەن و تەکنیکی کارەکانم ئەبستراکتی دەربڕین خوازییە. کارەکانم تەنیا پێوەرێکی ئەندازەیی نییە، بەڵکو مەیدانێکە بۆ پەرەسەندنی وزە سەرکێشەکان. لەم پانتاییە فراوانەدا، تابلۆ لە تەنێکی سەر دیوار دەردەچێت و دەبێتە قەوارەیەکی زیندوو؛ رووبەرێک کە تێیدا رەنگ و هێڵەکان دەتوانن بە ئازادی گەشە بکەن و قووڵاییەکی بێسنوور بۆ بینەر بخەنەروو."
حەمە هاشم جەختی لەوەش کردەوە، "کاتێک ئەم قەبارە مەزنە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ئەبستراکتی دەربڕینخوازیدا، پرۆسەی داهێنان دەبێتە تێکۆشانێکی راستەوخۆی جەستەیی و دەروونی. لێرەدا تەنیا پەنجە و مەچەک کار ناکەن، بەڵکو قۆڵ، شان و تەواوی بونیادی جەستەیی هونەرمەند لە کاتی لێدانی فڵچە توندەکان و دروستکردنی چین لە دوای چینی رەنگەکاندا تێوەدەگڵێن، بە بێ هیچ فلتەرێکی زەینی و پلانێکی سەخت."
دەربارەی نمایشکردنی تابلۆ گەورەکان لەو جۆرە کۆبوونەوانەدا، حەمە هاشم دەڵێت، "لە پێشانگەکاندا، ئەم تابلۆ گەورانە رووبەڕووبوونەوەیەکی چڕ و بێپەنا لە نێوان بینەر و کارەکەدا دروست دەکەن. چاوی مرۆڤ لەبەردەم ئەم پانتاییەدا ناتوانێت لە یەک خاڵدا قەتیس بمێنێت، بەڵکو ناچارە بەناو گرێ کوێرەکان، شوێنە تاریکەکان و تیشکە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تابلۆکەدا بگەڕێت، تاوەکو لە ناخەوە لەو جیهانە دەربڕینخوازییەدا نغرۆ ببێت."
پێنجەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتکەدا"، هەینی، 21ی ئابی 2026، بەبەشداری حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە کریفێڵدی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.
حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکاری کورد و کارمەندی کوردستان24، لە ساڵی 1973 لە کۆیە لەدایک بووە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، 18 پێشانگە و ئەزموونی تایبەتی شیوەکاری نمایشکردووە لە، کوردستان، فەرەنسا ، ئەڵمانیا، پۆلەندا، ھیندستان، ئەمریکا، میسر، ئێران، تورکیا، بەشداریی لە زیاتر لە 150 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، 10 کتێبی هونەری نووسیوە بە ناوەکانی وەکو، ڤانکۆخ، رۆدان، ھونەری پیرۆز، ھونەری ئەبستراکت، نامەکانی ڤانکۆخ، میکلانجیلۆ.