تورکیا و سعوودیە رێککەوتنێکی مێژوویی واژۆ دەکەن

"هێڵی ئاسنی حیجاز" دەبێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی و سعوودی گەیشتوونەتە قۆناخێکی مێژوویی لە پەیوەندییە لۆجستی و گواستنەوەکاندا. ئەم رێککەوتنە پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەخۆدەگرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی حیجاز و درێژکردنەوەی تاوەکو عومان، وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی جیهانی و جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمز.

سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، عەبدولقادر ئۆرالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاشکرای کرد لەگەڵ ساڵح بن ناسر جاسر، وەزیری گواستنەوەی سعوودیە، چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی گواستنەوە، هێڵی ئاسن و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان واژۆ کردووە.

ئۆرالئۆغڵو گوتی: "ئێمە دەست بە قۆناغێکی نوێ دەکەین کە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هاوکاری تەکنیکی لە ناوەندە لۆجستییەکانەوە تا بەرنامە مۆدێرنەکان بەهێزتر دەکات."

گرنگترین خاڵی ئەم هاوکارییە، پلانی تورکیایە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی مێژوویی "حیجاز" و درێژکردنەوەی تاوەکو عومان. وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکی جەختی کردەوە، ئامانج لەم پڕۆژەیە دروستکردنی رێڕەوێکی بازرگانی جیهانییە کە ببێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز، کە ئێستا بەدەست گرژییە سەربازییەکانەوە دەناڵێنێت.

ئۆرالئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە وردی چاودێری رێڕەوەکانی (سووریا-ئوردن-عێراق) دەکات و و گوتی: "دوو تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی گواستنەوە لە تورکیاوە بۆ عێراق و پاشان بۆ سعوودیە ئەنجامدراون، سەلماندیان ئەم رێگەیە زۆر گونجاو و کارایە."

وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، قەبارەی گواستنەوەی نێوان هەردوو وڵات پێش ساڵی 2012 گەیشتبووە 20 هەزار یەکە، و "هەرچەندە ئێستا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە کەمبووەتەوە، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە هاوکارییەکانمان بگەیەنینە ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوەی پێشوو."

ئەم جووڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەی نێوان ئەنقەرە و ریاز لە کاتێکدایە، کە مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز بەهۆی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیادی کردووە، و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن رێگەی وشکانی و هێڵی ئاسن وەک جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی بازرگانی بەکاربهێنن.