هەڤپەیڤینی تایبەتی کوردستان24 لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو
رۆژی سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و سەرۆکی پارتی ئاییندەی ئەو وڵاتە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "کوردستان24" کە ژینۆ محەمەد، پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، دەرەئەنجامی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمەکە و خوێندنەوەی بۆ هاوکێشە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.
پێشکەشکاری کوردستان24: دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەیەکی جیۆسیاسیی گرنگی ناوازەدا کە هەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەوروپا و دەبەستێتەوە وە کاریگەرییەکی تەواوی بەسەر گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ناوچەییەکانەوە بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. تورکیا زیاتر لە 35 ساڵە خەریکی چارەسەریی کێشەی کوردە، بەڵام تا ئێستا ئەم پرسە چارەسەر نەکراوە. وە ئەگەر بێت و پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی چارەسەر بکرێت هەم بۆ ناوچەکە و هەم بۆ ناوچەکە زۆر باش دەبێت، زۆر بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کە بە سوپاسەوە بۆ یەکەمجار لە ستۆدیۆی کوردستان24 ئامادەیە زۆر بەخێرهاتنی دەکەم.
ئەحمەد داودئۆغڵو: خێراندار بن، زۆر سوپاستان دەکەم، لە رێگەی شاشەی کوردستان24ـەوە سڵاو بە گشت برایانم لە کوردستان دەگەیەنم. هاتنم بۆ ئێرە وەک ئەوە وایە هاتبێتمە ماڵی خۆم، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم. سوپاستان دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە ستۆدیۆی کوردستان24 لێتان کردم و دەرفەتی ئەوەتان پێدام لێرەوە سوپاسی گشت برایانم لە هەرێمی کوردستان بکەم.
پێشکەشکاری کوردستان24: منیش زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە پێکەوە گفتوگۆی بابەتە گرنگ و هەنوکەییەکان دەکەین. لە کوردستان و هەولێری پایتەخت ئەمڕۆ کۆبوونەوەی گرنگت سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی . لە کۆبوونەوەکاندا باسی چیتان کرد؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: بەر لە هەموو شت سوپاسی برای بەڕێزم مەسرور بارزانی و هاوڕێی 20 ساڵە و زۆر بەنرخم بەڕێز سەرۆک بارزانی دەکەم کە لە ساتە زۆر سەختەکاندا شانبەشانی یەک وەستاوین، پێشوازییەکی زۆر جوانیان لێ کردم. بێگومان من لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چوار جار هاتوومەتە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بۆ بەشداریکردن لە چەند کۆڕبەندێک. هەر جارێک کە هاتووم لە جیهاندا پێشهاتەکان هێندە خێرا بوون وا پێویستی کردووە لە زۆر بابەتدا ڕاوێژ بکەین زۆر لەوە درێژتر باسمان لە بابەتەکان کردووە کە پلانمان بۆ داناوە. کۆبوونەوەی دوو کاتژمێریم لەگەڵ مەسرور بارزانی و کۆبوونەوەی کاتژمێر و نیویم لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجامدا بەر لە هەموو شت هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ بابەتەکان دەکەین لەبارەی دۆخی گشتی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە. دواتر پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و تورکیا و کوردستان دەکەین. پرسی هاوبەشی زۆرمان هەن کە دەبێت یەک بە یەک تاوتوێیان بکەین. دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران زۆر شت گۆڕانکاری بەسەردا هات لەبارەی ئەو هێرشانەوە بۆچوون و شیکاریی خۆمم خستەڕوو هاوکات باسمان لە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ناوچەکە کرد. هەر لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانی کوردستان و تورکیا و عێراق و تورکیامان تاوتوێ کرد و بیراڕامان گۆڕییەوە.
پێشکەشکاری کوردستان24: چ هەڵسەنگاندنێکتان بۆ هەرێمی کوردستان کرد لەو جەنگە ئایا هەرێمی کوردستان توانی بێلایەن بێت لەو جەنگە؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: من هەم لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەڕێزان مەسرور بارزانی و سەرۆک بارزانی و لە سلێمانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەو بابەتەم خستە بەر باس. بەرلە هەموو شت سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی زۆر دروستە بە داخەوە هەرێمی کوردستان لەو جەنگانەی لە ناوچەکە روویانداوە زۆرترین ئازاری چەشتووە بۆ نموونەی هەڵەبجە کە زۆرترین ئازاری بینیووە لە جەنگی ئێران و عێراقەوە گەلی کورد زۆرترین باجی داوە بۆ ئەوەی هەمان باج نەدا ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت زۆر دروستە. باسی بەڕێز سەرۆک بارزانیم کرد، بارزانی شەڕی 1991 بینی شەڕی 2003ـی بینی دواتر شەڕی داعش هاتە پێش گەر بگەڕێنەوە ڕابردوو سەرۆک بازرانی تاکە سیاسیی ئەکتیڤە کە لەدوای داگیرکردنی کوەیتەوە تا ئێستا لە ژیاندایە بۆ نموونە دیارترین سەرکردەکانی ناوچەکە وەک حوسنی موبارەک لە میسر و لە ئوردن شا حوسێن و یاسر عەرەفات لە فەڵەستین، لە سووریا حافز ئەسەد لە عێراق هەبوون هەموو ئەمانە لە ژیاندا نەماوەن. هەڵسەنگاندنی ئەزموونی سەرۆک بارزانی کە لەناو ئەو هەموو جەنگەی ناوچەکە توانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە دوور بگرێت ئەمە بڕیارێکی دروست بوو. بۆ هیچ کەسێک کوردانی عێراقی وەک ئامرازێک بەکار نەهێنا.
پێشکەشکاری کوردستان24: واتا بە بڕوای ئێوە سەرۆک بارزانی بڕیارە حەکیمانەکەی دا لە کاتی ئەم جەنگەدا؟
داودئۆغڵو: بێگومان، لێدوانەکانی ترەمپ نیگەرانی لێکەوتەوە کاتێک باسی لە پێدانی چەک بە کورد و چوونە ناو جەنگ کردبوو ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆک بارزانیش باسی لەمە کرد نابێت کورد وەک ئامرازێک بۆ ستراتیجی هیچ لایەنێک بەکار بهێنرێت. لە ڕابردوو لەم بابەتەدا باجی قورس دراوە. من سیاسەتی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی ، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن بە سیاسەتێکی حەکیمانە دەبینم. کورد پێویستە نەبێتە بەشێک لەو جەنگە و هەر جەنگێکی دیکە لە داهاتوودا. لە هەر سەردانێکمدا بۆ هەولێر دەبینم ئەو شارە زیاتر پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، هەولێر زیاتر مۆدێرن بووە، بیر لە هەولێری 20 بۆ 25٥ ساڵ بەر لە ئێستا بکەوە. چەند باشە فاکتەری سەرەکیی ئەو بووژانەوەی هەولێر چییە؟ بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو سەردانی موسڵم کرد بەداخەوە هەولێر هێندە پێش نەکەوت، کەرکووک بە هەمان شێوە کە سەرچاوەی نەوتی لێیە پێشنەکەوتووە. سلێمانی بە ئاراستەی پێشکەوتن دەڕوا بەڵام ناتوانرێت بە هەوڵیر بەراورد بکرێت کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆکاری هەموو ئەمانە چییە؟ بەڕێز سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا سیاستی بوژانەوەی ئابوورییان پەیڕەو کرد دوور لە جەنگ. ئابووری تورکیا هاوکاری هەولێری کرد و لە ژینگەیەکی سەقامگیردا بوژانەوەی ئابووری هاتەکایەوە. بۆ ئەوەی هەمان ئەزموون دووبارە بێتەوە پێویستە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە جەنگ دوور بکەنەوە. جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی و سەرۆک بارزانی دەکەم.
پێشکەشکاری کوردستان24: هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی هەولێر لەگەڵ تورکیا هێشتا دۆست و دراوسێ نزیکەکەن بۆ یەکتر؟
داودئۆغڵو: بێگومان، ئەوان زیاتر لە دراوسێن بۆ یەکتر، من کە سەردانی ئێرە دەکەم وەک دراوسێیەک خۆم نابینم. خۆم بە ئەحمەد هەولێری دەناسێنم. زوو زوو سەردنی هەولێر دەکەم ئەو شارە وەک شاری خۆمان وایە. ئێوەش وەک دراوسێیەک سەردانی ئیستانبوڵ ناکەن. ئەوێ شاری ئێوەیە. ئێمە بۆ چەندین سەدە بەیەکەوە ژیاین. ڕاستە دەبێت ڕێز لە سنوورەکانی یەکتر بگرین بەڵام ئێمە لەیەکتر دوورنین لە تورکیدا عێراق بە واتای دوور دێت. من هەموو کات وتوومە عێراق لە ئێمەوە نزیکە، دوور نییە. کوردیش لە هەرێمی کوردستان نزیکترین پێکهاتەیە لێمان. بۆیە هەم هاوبەشێکی سترتیجە هەمیش لە رووی فەرهەنگییەوە تێکڵاوییەکی باشمان هەیەلەگەل یەک.
پێشکەشکاری کوردستان24: بەڕێزتان ئەندازیاری سیاستی کرانەوە بوون هەم بە رووی کورد هەم بە رووی جیهانی دەرەوە، تورکیا چ سوودێکی لەم کرانەوەیە بینی؟
داودئۆغڵو: هەڵبەتە من تا ئەوکاتەی کتێبی قووڵی ستراتیجیم نووسی، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا یەک ئاراستەی هەبوو. لە سەردەمی شەڕی سارددا تورکیا وەک باڵێکی ناتۆ دەبێنراین. وە تەواوی سیاسەتی دەرەوەمان دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت شێوەی گرتبوو.تورکیا لە سیاسەتی دەرەویدا لەسەر سێ بنەما دامەزرابوو یەکەمان هەڕەشەی یەکێتیی سوڤیەت، دووەم کێشەی قوبرس و سێیەم کێشەی کورد، من دژی ئەوە وەستام و گوتم تورکیا وڵاتێک نییە لە باڵی ناتۆدا تورکیا ناوەندی وڵاتانی ئاسیا ئەوروپاییە. کاتێک لەو رووانگەوە دەڕوانین ئیمە وڵاتێکین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتێکین لە قەڵقان و ئاسیا و لە ئەفریقا من لەو کاتەی سەرڕاوێژکار بووم لە جەنگی عێراق ویستم پەیوەندی بە خەڵی ئێرەوە بکەم. ئەو کاتە کەم کەس زمانی کوردی و عەرەبیی دەزانی. من گوتم ئەمە راست نییە، دیپلۆماتکارەکانمانم هاندا فێری کوردی و عەرەبی ببن. دوای ماوەیەک تورکیا هاتە سەر هێڵ لە زۆر بابەت کە نانۆکی هەبوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە لوبنان ئێمە قەیرانی سەرۆککۆمارمان چارەسەر کرد واتا تورکیا بە چاوی هەڕەشە کە وڵاتانی ناوچەکەی نەڕوانی بەو چاوەوە سەیرمان کرد چۆن کێشەکان چارەسەر دەبن.بۆ نموونە وەک ئەوەی لە هەولێر هەیە بە هاریکاریی ئابوورییەوە هەوڵی هێنانەدیی ئاشتیمان دا
کە هاوکاریی ئابووری هەبوو ئاشتیش دەبێت. من چوار خاڵم خستەڕوو یەکەمیان داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەم لەسەر ئاستی باڵا کرد دووەم پشت بە ئابووری ببەسترێت ئەمڕۆ ئابووریی تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزە. ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ هەمووان هەیە، سێیەمیان کارلێکی کلتووری من لە هەولێر بینیم بەشێکی زۆر لە گەنجان بە تورکی قسە دەکەن، دەکرێ بڵێن بەشێکیان لە خێزانەکانیانەوە یان دراماکانەوە فێربوون، بەهۆی خۆشەیستییان بۆمەوە بە کاکە ئەحمەد بانگم دەکەن، بە پێچەوانەشەوە تورکیش زمانی کوردی بە زمانێکی بیانی نازانێت، ئێمە بۆ دانانی سیستەمێک بۆ ناوچەکە بووینە کارەکتەری سەرەکی.
پێشکەشکاری کوردستان24: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە پێدانی مافی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان چۆن دەبینن؟ ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان و تورکیا هەیتان چۆن دەتوانین زیاتر بیگوازنەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن؟
داودئۆغڵو: من بە دروستی دەزانم. بەتایبەت دوای ئەوەی بووم بە وەزیری دەرەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست کرد. پێکهاتەی تورکمان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆر ئاسوودەن بەتایبەت دوای قۆناغی باشبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. کاربەدەسیانی کورد تورکمان بە هەڕەشە نابینن. ئێمە لە هەولێر بە تورکمان و کورد و عەرەب بەیەکەوە لێرە ژیاین. کەرکووکیش بە هەمان شێوە. لە تورکیاش بەهەمان شێوە لە پارێزگای کۆنیا بەشێک لە قەزاکان دانیشتوانەکەی کوردن و بەشێکیشیان تورکن. بۆیە کاتێک تورکمانێک لە کەرکووک دەبێتە پارێزگار، هەناوێکی زۆر دروست نراوە. ئەمەش پێشوازیی زۆر ئەرێنیی لێکرا دوای سەد ساڵ دانانی تورکمانێک بۆ پۆستی پارێزگار. کەرکووک عێراقێکی بچووکە من هەموو کات ئاماژە بەوە دەکەم. عێراق رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە بچوککراوەیی هەر زمان و ئاین و نەتەوەیەک لە عێراق هەیە کەرکووکیش عێراقێکی بچووکە. لە کەرکووکیش کورد و عەرەب و تورکمان هەیە. کریستیان هەیە
بۆیە ئێمە پاڵپشتیی لە هەر هەنگاوێک دەکەین بەو ئاراستەیە دەنرێت.
پێشکەشکاری کوردستان24: لەگەڵ ئەوەی ئێستا تورکمانەکان بەشدارن لە سیستەمی حوکمرانی و بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان بەڵام بۆ من گرنگی کە کاتێک بەڕێز داودئۆغڵو کە دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە ئەوان هیچ داواکارییەک یان سەنجێکیان هەیە لە سیاسەت و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان؟
داودئۆغڵو: لە رابردوودا بەڵێ بەڵام دوای باشتر بوونی پەیوەندییەکانمان نەک هەر گلەییان نییە بەڵکو زۆر ئاسوودە و سوپاسگوزارن. بەڕێز ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە میوانداریی کردم. لەهەموو شت رازیە. کاتێک تورکمانەکان بەم ڕادەیە ئاسوودەن و سوپاسگوزارن لە بەرژەوەندیی هەموواندایە لە بڕوایەداین هەرکات گلەیی و گازاندەیەکیشیان هەبێت دەتوانن بیگەیەنن و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی چارەسەری دەکەن. ئەو کێشەی ١٥بۆ ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا هەبوون هەموویان تێپەڕبوون.
پێشکەشکاری کوردستان24: هەم کورد، هەم تورکیا چییان لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەستدەکەوێت؟
داودئۆغڵو: هەردوولا زۆر شتیان بەدەست دەکەوێت و قازانج دەکەن. ئەمڕۆ کاتێک لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوومەوە، گوتی ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە و هەموو شوێنێک سەوزاییە، منیش گوتم بەڵێ وایە و لەلای ئێمەش ئەمساڵ بارانێکی باشمان هەبوو. پێمگوت من منداڵی شاخم و لە زنجیرە چیاکانی تۆڕۆس لەدایکبوومە، دەمەوێت چیاکانیئێوە ببینم و تێیاندا بگەڕێم. پێی گوتم لە بارزان پێشوازیتان لێبکەین و پشووتان لێرە بەسەر ببەن. پێموایە ئەگەر تیرۆر کۆتایی پێبهێندرێت، وەک بارزان خەڵک دەتوانن هاتووچۆی تێدا بکەن و بۆ خەڵک دەبێتە شوێنێکی ئارام. لە قەندیل بەسەدان گوند هەن و لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە دان. هەموو ئەو گوندانە دەبێت بۆ کۆمەڵگە بگەڕێندرێتەوە. لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، هەموو ئەو گوندانە دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان. با شتێکت پێبڵێم، هەرکەسێک لەگەڵ تورکیا دراوسێ بێت و پەیوەندیی باش بێت، براوە دەبێت، نموونە هەولێر. دەزانن بۆچی نامانەوێت هەولێر زیانی پێبگات؟ پرسەکە تەنیا پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئێمە کوردمان زۆر خۆشدەوێت. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنان لەلایەن هاووڵاتییانی تورکیاوە کراوە، هەولێریش سوودی لەو وەبەرهێنانانە بینیوە. بیربکەوە ئەگەر ئاشتییەکی سەرتاسەری فەراهەمکرا، ئەوکات ئەو جوانیی و پێشکەوتنانە بۆ سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دەگوازرێنەوە.
پێشکەشکاری کوردستان24: بەرێز داودئۆغڵو، واتە قازانجەکە دوولایەنەیە یان تاکلایەنە؟
داودئۆغڵو: قازانجەکە بێگومان دوولایەنەیە. سەیرکە قازانجی تاکلایەنە تەمەنەکەی درێژ نابێت و دوای ماوەیەک لەناودەچێت. بۆیە ئەوەی هەیە دوولایەنەیە و وەک نموونە دەتوانم پێتبڵێم بۆچی هەولێر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتووترە؟ چونکە هەولێریش لەو پەیوەندییەکی کە لەگەڵ تورکیا هەیەتەی، قازانج دەکات. ئەگەر هەمان هەڵومەرج بۆ مووسڵ بڕەخسابایە و رێگە بە هێزی ئابووری و بازرگانیی تورکیا بدرابایە بچێتە ناو پارێزگاکە، مووسڵیش گەشەی دەسەند. گرنگترین هێزی تورکیا هەناردەکردنی خۆشگوزەرانییە بۆیە لەم دۆخەدا هەموو لایەنەکانه براوەن.
پێشکەشکاری کوردستان24: باسی عێراقتان کرد، با قسە لەسەر عێراق بکەین. ئێستا عێراق لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدایە، قسەتان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق چییە؟
داودئۆغڵو: لەگەڵ تەواوی سەرکردەکانی عێراق لە رابردوو کارم لەگەڵ هەموویان کردووە. ئەوەی ئێستا هەیە واتە عەلی زەیدی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا نوێی، ئەوەی کە وەک یەکەم هەڵوێستی لێمان بینی، کەسێکی تایفەگەر و مەزهەبخواز نییە بۆیە کاریگەرییەکی ئەرینیی بەسەرمانەوە بەجێهێشتووە. لەرێگەی نامەیەکەوە هیوای سەرکەوتنم بۆ عەلی زەیدی خواست و لەرێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە بۆم نارد. دەبێت هەمووان باوەڕ بەوە بکەن کە قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەستیپێکردووە. ئێستا لە دوای جەنگ عێراق دەبێت بنە راست و درووستی ئاراستەی خۆی دیاریبکات. تاکە خاڵی نەرێنی و کەموکورتی کە ئێستا هەیە، بێبەشکردنی تورکمانە لە کابینەی نوێی عێراق. هیواخوازم ئەم کەموکورتییەش بەلاوەدەنرێت چونکە دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە کابینەی نوێی عێراقدا نوێنەریان هەبێت، بە مەرجێک پێویستە وانە لە کێشەکانی رابردوو وەربگرین و نابێت خۆمان تەسلیمی جیاکاری تایفی و مەزهەبگەریی بکەین.
پێشکەشکاری کوردستان24: ئەم مەرجە پێشنیازە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی سیاسییەکان لە عێراق یان مەرجی تورکیایە؟
داودئۆغڵو: من ئەرکێکی فەرمیم نییە بەڵام ئەوانەی ئێستا لە حکوومەتن کەسانێکن کە لە رابردوو پێکەوە کارمان کردووە. بۆیە ناتوانم بەناوی حکوومەتەوە قسە بکەم بەڵام ئەوە دەزانم هەمووان لە تورکیا داوای عێراقێکی گەشەسەندوو، دەوڵەمەند و عێراقێکی یەکگرتوویان دەوێت، هاوکات هیواخوازن هەرێمی کوردستانیش رۆڵی پرد لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە ببینێت و بەردەم تورکیا بکاتەوە بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان.
پێشکەشکاری کوردستان24: باس پەیوەندییەکانتان کرد دەمەوێت بپرسم، هەولێر و بەغدا ژمارەیەک کیشەیان هەیە و لێرەدا تورکیا دەبێت رۆڵی چی بێت؟
داودئۆغڵو: ئەمڕۆ ئەم بابەتەم لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بارزانی و کاک مەسرور باسکرد، تورکیا دەتوانێت زۆر شت بکات. لە رابردوو کردوومانە و هەر کاتێک کێشە هەبووبێت هەوڵمانداوە کێشەکان چارەسەر بکەین، ئەمڕۆش هەمان دەرفەتمان لەبەردەمە و ئەگەر داوا بکرێت تورکیا زۆر زیاتری ئەوەی لە دەستی دێت، دەیکات. دەبێت هەمووان ئەوە بزانن، قۆناغی رابردوو لەگەڵ قۆناغی ئێستا جیاوازییەکە ئەوەیە، ئێمە دەمانەوێت نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا زۆر بەهیز بێت. ئەگەر کورد لە بەغدا بەهێز بێت، لەبەرژەوەندیی تورکیا دایە. ئێمە دەمانەوێت کورد لە بەغدا کاریگەر بێت، باشە بۆ؟ چونکە هەریمی کوردستان دراوسێی لەپێشینەمانە و ئەو رێگەیەی کە ئێمە و بەغدا بەیەک دەبەستێت، لە هەرێمی کوردستانەوە تێدەپەڕێت. ماوەیەک کاتێک من وەزیری دەرەوە نەبووم، لە تورکیا خەڵکانێک دڵتەنگ بوون لەوەی جەلال تاڵەبانی وەک کوردێک بووەتە سەرۆککۆمار، بەڵام من وانەبووم، پێموابوو ئەگەر کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە رێککەوتوون لەسەر کوردێک ببێت بە سەرۆککۆمار، ئەمە هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا، بەپێچەوانەوە ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە. کاریگەربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. وەک گوتم بەڕێز سەرۆک بارزانی خەسلەتی رێبەرایەتیی هەیە و خاوەنی ئەزموونە. دەبێت ئەم حیکمەت و سەرکردایەتییە رەنگدانەوەی بەسەر بەغداوە هەبێت. کاتێک سەیری سەرکردەکانی بەغدا دەکەین، هیچ سەرکردەیەک هێندەی سەرۆک بارزانی خاوەنی ئەزموون نییە. بەڕێز نووری مالیکی ماوە بەڵام هێشتا ئەویش هێندەی سەرۆک بارزانی ئەزموونی نییە ئەو رابردووی سیاسیی 40 بۆ 50 ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە. بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەڕێز بارزانی لە بەغدا کاریگەر بێت، هاوکات دەمانەوێت یەکێتیش کاریگەربێت. لێرەوە دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی لایەنەکان بکەم، وەک دۆستێکی ئەم ناوچەیە، داوا دەکەم بەزووترین کات کێشەی پێکهێنانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت و حکوومەت پێکبهێندرێت. داوا دەکەم جیاوازیی بۆچوونەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان چارەسەربکرێت و پێکەوە لە بەغدا بەهێز بن. هاوکات پێشنیاز دەکەم لە بەغدا هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی کورد ەب باشترین شێوە نوێنەرایەتیی بکرێت. ئەم هاوکێشەیە دەبێتە هۆی براوەبوونی هەموو لایەنەکان. سەرۆک بارزانیش بۆ ئەو مەبەستە خاوەنی ئەو ئەزموونەیە کە ببێتە رێنیشاندەر لەوبارەیەوە.
پێشکەشکاری کوردستان24: هەر لە پرسی عێراق دەمەوێت پرسیاریکت ئاراستە بکەم کە تایبەتە بە دانانی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکان. ئێستا گرووپە چەکدارەکان رازی نین بەوەی چەکەکانیان دابنێن. پرسی دانانی چەک و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت چ کاریگەرییەکی دەبێت؟
داودئۆغڵو: بەبۆچوونی من ئەم پرسە سەرەکیترین پرسی قۆناغی ئاییندە دەبێت. لە کۆڕبەندی سلێمانیش ئاماژەم پێدا، لە وڵاتێکدا تەنیا یەک سوپا دەبێت هەبێت بۆ ئەوەی گێرەشێوێنی نەبێت. لێرەدا پێگەی پێشمەرگە جیاوازە چونکە لەسەر بنەمای دەستوور دامەزراوە و جێگرەوەی سوپای عێراق نییە بەڵکو تەواوکەرییەتی. گرووپی میلیشیا بریتییە لەو گرووپەی کە پلەبەندیی فرمانیی تێدا نییە، کاتێک سوپا هەبێت، نابێت هێزی میلیشیا هەبێت. ئەگەر سوودی هەیە دەبێت بە زووترین کات تێکەڵی سوپا بکرێن، یانیش هەڵوەشیندرینەوە و چەکەکانیان دابنێن. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری چونکە پارە و ئابووری پێویستی بە ئەمن و یاسایشەوە هەیە.
پێشکەشکاری کوردستان24: دەمەوێت بگەڕێمەوە ناوخۆی تورکیا، سیاسەتی ئێستای تورکیا چیی زیادە و چیی کەمە؟
داودئۆغڵو: تورکیا خاوەنی سیاسەتێکی داینامیکە، لەچوارچێوەی مەرجە دیموکراسییەکاندا سیاسەت لە تورکیا زۆر بە خێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. لەم چەند رۆژەی رابردوودا ناکۆکییەکانی نێو پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا (جەهەپە) لە رۆژەڤدایە. لە کات و ساتیکی وەهادا من لەگەڵ ئەوەم دەبێت تورکیا گرنگیی بە ئازادیی بیروڕا، ئازادیی زمان، ئازادی بۆچوون و ئازادی میدیا بدات. بە توندی رووبەڕیی گەندەڵییەکان ببینەوە کە پرسیکی گرنگیی تورکیایە، هەر کی گەندەڵی بکات دەبێت رووبەڕووی ببینەوە. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئاییندە، پێویستە خاڵە لاوازەکانی سیستەمی نوێیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەلاوەبنرێت. سیاسەتی تورکیا سیاسەتێکی داینامیکە، لە رۆژانی ئاییندە کۆمەڵێک شتی نوێ روودەدەن.
پێشکەشکاری کوردستان24: هەڵوێستتان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان جەهەپە چییە؟
داودئۆغڵو: ئەمرۆ بەهەمان شێوە پرسە ناوخۆییەکانی پارتی گەلیی کۆماریی رۆژەڤی سەرەکیی وڵاتەکەمان بوو. من بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە بە بریارێکی راست نابینم. چونکە لە تورکیا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان خاوەنی بڕیاری کۆتاییە. کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت، ماوەیەک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دادەندرێت، کە ئەو ماوەیە تەواوبوو، کۆنگرەکە پەسەند دەکرێت و ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەندرێت. دوای رەزامەندی دوو ساڵ بەسەر تێپەڕیوە و ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆ دراوە، ئەمە راست نییە و لە حاڵەتی وەهادا هیچ کەسێک باوەڕی بە یاسا و رێساکان نامێنێت. بۆیە دژی ئەو بڕیارە وەستامەوە، دوای ئەم بڕیارە جەهەپە بووەتە دوو بەش. دەبێت ئەوان دابنیشن و کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەربکەن چونکە پێویستمان بە ئۆپۆزیسیۆنێک هەیە تا بتوانێت چاودێری دەسەڵات بکات.
پێشکەشکاری کوردستان24: بۆچی هەمیشە پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن دەکەیت؟
داودئۆغڵو: من پشتگیری راستییەکانم. ساڵانێک سەرۆکی ئاکپارتی بووم، هاوکات سەرۆکوەزیران بووم. لە هەڵبژاردنێکدا زۆرترین ژمارەی دەنگمان لەگەڵ ئاکپارتی هێنا کە ئەمەیان لە مێژووی دیموکراسیی تورکیادا بۆ یەکەم جار بوو شتێکی وەها رووبدات. بۆیە من لەگەڵ سەرکەوتووبوونی ئاکپارتیشم چونکە لەگەڵ هەموویاندا لە رابردوو کارمان کردووە هەر لە بەڕێز سەرۆککۆمارەوە تاوەکو ئەوانی دیکە. بەڵام ئێستا ئەگەر تورکیا بووبێتە خاوەنی بەرزترین رێژەی هەڵاوسان، هاوکات بەهای لیرەی تورکی کەمی کردبێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە پارەیەکی زۆر خەرجبکرێت، ئاستی بەرهەمهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵیدا بەرزبووبێتەوە و بێکاری گەیشتبێتە ئاستێکی زۆر و بابەتی گەندەڵی زۆربووبێت، من وەک سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بەرپرسیارییەتی قسەکردنم لەوبارەیەوە هەیە. نابێت خۆم بەرامبەر ئەوانە بێدەنگ بکەم. هەمووان دەزانن من سیاسەتێکی پاک و بێگەردم پیادەکردووە. لەوانەیە جیاوازییمان لە بۆچوونەکانماندا هەبێت بەڵام هەرگیز هیچ کەسێک دوودڵ نەبوونە لەوەی من بە نارێکی دەوڵەتم ئیدارەکردبێت، ئێستاش ئەرکی من بۆ گەلەکەم ئەوەیە راستییەکان بڵێم جا چ دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزیسیۆن. رەخنەم لە جەهەپەش هەیە، بەداخەوە لە شارەوانییەکانیاندا گەندەڵی کراوە، من ئەوەش بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا گوتووە. بۆیە من راستی و دروستی و شەفافیەت لەکوێ بێت، ئازادی لەکوێ بێت، من لەوێم. کاتێک گەنجانمان وڵاتمان بەجێدەهێڵن دەبێت بپرسم بۆچی دەڕۆن. ئۆپۆزیسیۆن بوونم بەرامبەر بە بێکاری و گەندەڵییەکانە. من دژی ئەوانەم و دژ هەر شتێکم کە دەبێتە هۆی نائومێدیی گەنج و لاوان.
پێشکەشکاری کوردستان24: ماوەیەکی درێژە باسی گۆرینی دەستووری تورکیا دەکرێت، هەڵوێستتان بەرامبەر بەم داواکارییە چییە؟ ئەگەر دەستوورەکە گۆڕا، پێویستە چیی تێدا بگۆڕدرێت؟
داودئۆغڵو: پرسی گۆرینی دەستوور بەلایەنی کەمەوە 25 ساڵە قسەی لەسەر دەکرێت. دەستووری ساڵی 1982 لەلایەن سەربازانەوە نووسراوە، هەمیشە ئێمە دژی بووینە. لەهەمان کاتدا ناکرێت تۆ هەمیشە باسی گۆڕینی دەستوور بکەیت و هیچ هەنگاوێک نەگریتەبەر، ئەمە شتێکی مەترسیدارە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەسوورەی کە ئێستا هەیە دەبێت پابەندی بیت. ئەگەر تۆ پابەندی دەستووری ئێستا بیت ئەوکات دەتوانیت دەستوورێکی نوێ بنووسیتەوە. ئەگەر هەمیشە باسی گۆڕینی بکەیت و هیچ هەنگاوێک نەگریتەبەر، ئەمە بەو مانایە دێت تۆ تەنیا دەتەوێت رۆژەڤی وڵات بگۆڕیت. من لەگەڵ ئەوەم دەستوورێکی تایبەت لەسەر بنەمای ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بنووسرێت و خۆی لە هەر جیاکارییەکی فیکری و مەزهەبی و ئیتنی بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەش لایەنگیری ئەوەم دەستوورەکە پابەندی بنەما سەرکییەکانی مرۆڤایەتی بێت و لەگەڵ ئەوەش خاڵە لاوازەکانی سیستمی سەرۆکایەتی کۆماریی نوێی تورکیا چارەسەربکات. ئەگەر ئەوانە بکرێن، من پاڵپشتیی نووسینەوەی دەستوورم.
پێشکەشکاری کوردستان24: واتە تۆ لەگەڵ گۆڕینی دەستووریت؟
داودئۆغڵو: بەڵێ بێگومان، لەگەڵ ئەوەش گرنگە بزانین دەستوورەکە چۆن دەبێت چونکە هەموارکردنی دەستوور لە ساڵی 2018ـدا کاردانەوەی ئەرێنیی نەبوو، تورکیا بووە وڵاتێکی تاکڕەو، پەرلەمان کاریگەرییەکانی کەمکرانەوە. بۆیە دەبێت دەستوورێک بنووسرێتەوە کە تەواوی خاڵە لاوازەکان بەلاوە بنێت.
پێشکەشکاری کوردستان24: زۆر باسی دۆستایەتی کوردت کرد، ئاماژەتان بەوەدا کە کاتێک سەردانی هەولێر دەکەن خۆتان بە ئەحمەد ئەربیللی پێناسە دەکەن، دەمەوێت بزانم لەناو پارتەکەتاندا ژمارەی کورد لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و حزبیدا چۆنە؟
داودئۆغڵو: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی کورد لە پارتەکەماندانن. لەناو پەرلەمانتارەکانمانیشدا هەیە. لەناو ئێمەدا جیاوازیی نەتەوەیی نییە. واتە وەک ئەوەی عێراق نییە هەر پێکهاتەیەک پارتێکی هەبێت. لە نەریتی سیاسیی تورکیادا هەر پارتێک کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی تێدایە. هەمووان دەزانن نازناوی من لە تورکیا سەرۆک ئەحمەدە. خۆم لە بە رەچەلەک تورکمانم بەڵام تەواوی کورد خۆشەویستییان بەرامبەر بە من هەیە چونکە من خەباتم هەیە لە دژی بەربەستەکانی زمانی کوردی و هەمیشە پشتگیریم لە مافەکانی کورد کردووە. چەندین کۆڕ و کۆڕبەندی گرنگمان کرد، ئەمە پرسێکی مەبدەئییە بۆ من. کاتێک هاتینە هەرێمی کوردستان، خۆم لە ناوهێنانی (هەریمی کوردستان) نەدزییەوە بۆیە لەناو پارتەکەشماندا هەڵوێستمان لەبارەی پرسی کوردەوە روونە. پێمانوایە دەبێت زمانی کوردی لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا بەکاربهێندرێت، نابێت سیستەمی قەییوم هەبێت کە بووەتە هۆی لەناوبردنی نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەڵدەبژێردرێن، دەبێت رێزیان لێبگیرێت و مافی کولتووریش بە پێکهاتەکان بدرێت. بۆیە لە ساڵی 2019ـدا پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێشکەوتووخوازترین پەیڕەوە.
پێشکەشکاری کوردستان24: دوور لە سیاسەت دەمەوێت پرسیارێک بکەم. تۆ کەسێکی نزیکی لە کورد و لە سایکۆلۆژیای کورد گەیشتوویت، پێمان دەگوترێت کە کورد شەڕانگێزن چونکە هاورێی شاخن، هەر بە راست کورد وایە؟
داودئۆغڵو: ئەگەر کەسێک ئەحمەدی خانیی خوێندبێتەوە، ناڵێت کورد خاوەنی هەڵسوکەوتێکی شەڕانگێزە، ئەگەر کەسێ هۆنراوەکانی فەقێ تەیرانی خوێندبێتەوە، لە زمان و ئەدەبیاتی نەرم و نیانیی کوردیی تێدەگات. منیش منداڵی شاخم، تورکمانەکانی لای ئێمەش خەڵکی شاخن و لەلای ئێمە دەگوترێت، ئەوانی خەڵکی شاخن ئاویان خەستە و خۆیشیان مەردن. بەڵێ ئێمە وەکو خەڵکی شاخ بۆچوونەکانمان زۆر بە ڕوون و ئاشکرا دەخەینەڕوو. ئەگەر مەبەستمان دەمەقاڵی کردن بێت، خۆمان لێی بەدوور ناگرین، مەبەستمان ئاشتبوونەوەش بێت زوو ئاشت دەبینەوە. واتە هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانمان روونن. بەڵام ئەمە مانای توندیی و شەرانگێزیی ئێمە نایەت، ناوچەی جزرێی ئێستا بۆ مێژووی مرۆڤایەتی خاوەنی کۆنترین رابردووە، ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران و مەولانا خالیدی بەغدادی هەر هی ئەو ناوچانەن. بۆیە هەر کەسێک بە کورد بڵێت کورد توند و شەڕانگێزن، ئەوا لە کورد نەگەیشتوون، هەرکەسێکیش بە کورد بڵێت مەردن، ئەوا بە باشی لە کورد گەیشتووە.
پێشکەشکاری کوردستان24: واتە ئازایەتی کورد وەک توندوتیژی وێنا دەکرێت وایە؟
داودئۆغڵو: بەڵێ ئەمە بابەتێکە پەیوەندیی بە تێگەیشتنەوە هەیە. بۆ تورکمانەکانی قۆنیاش هەمان شت دووبارە دەکرێتەوە. کاتێک لێیان تێدەگەیت، ئەوکات هەست دەکەیت چەندە هەست ناسکن. کەسێک گۆرانیی فۆلکلۆریی تورکی بڵێت و کەسێکیش خەریکی هەڵپەڕکێ بێت، تۆ چۆن چاوەڕێی خراپیو توندوتیژیی لێدەکەیت؟ کەسێک کە پێت دەڵێت رۆژباش و خەندەی لە لێوی هەیە. ناکرێت تۆ چاوەڕێی توندی و شەرانگێزیی لێبکەیت.
پێشکەشکاری کوردستان24: پەیامی کۆتاییت چییە؟
داودئۆغڵو: خوشەویستی و سڵاوی خۆم ئاراستەی تەواوی بینەرانی کوردستان24 لە هەریمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەم. سوپاستان دەکەم، پرسیاری زۆر باشتان کرد، هیوادارم بۆ جارێکی دیکە چاوپێکەوتنەکە بە زمانی کوردی دەکەین.