نرخی نەوت 7% دابەزی
رۆژی دووشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر 7% دابەزی و نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی هەفتەیەکدا تۆمار کرد.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، ئەم پاشەکشەیە لە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هێرشە بەرامبەرەکانیان راگرت، ئەمەش هیواکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان زیاد کردووە، کە رەنگە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی ئاسایی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
بەپێی داتاکانی بازاڕ، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی خاوی برێنت بە بڕی 7.55 دۆلار (واتە 7.8%) دابەزی و گەیشتە 89.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە بڕی 6.01 دۆلار (واتە 6.73%) دابەزی و گەیشتە 83.30 دۆلار، ئەمەش نزمترین ئاستی نرخەکانە لە دوای 20ـی تەممووزەوە تۆمار کرابێت.
پێشتر و بەهۆی فراوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەکان بۆ دەریای سوور و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا لە رێگەی گەرووی بابولمەندەبەوە، نرخی خاوی برێنت گەیشتبووە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە هێرشەکان بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێن، تاوەکو دەرفەتێکی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆلی هەڤالبای، شرۆڤەکاری باڵا لە ناوەندی "ئێس ئی بی ریسێرچ" رایگەیاند: "تا ئێستا هیچ چوارچێوەیەکی فەرمی یان رێککەوتنێکی واژۆکراو لە ئارادا نییە، تەنها ئەوەندە هەیە کە هەردوولا لە رۆژی هەینییەوە تەقەیان راگرتووە."
هاوکات داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ کاروباری کەشتیوانی ئاشکرایان کردووە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رۆژانە کەمتر لە 10 کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئاستی هاتوچۆی نەوت لەو گەرووەدا بۆ 15% ی ئاستی پێش جەنگ دابەزیوە، لە کاتێکدا لە بارودۆخی ئاساییدا رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەو رێگەیەوە دەگوازرانەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە قەزاخستان، کە یەکێکە لە 10 وڵاتە گەورە بەرهەمهێنەرەکەی نەوت لە جیهاندا، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی بۆ زیاتر لە نیوە کەم کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە وێستگەی سەرەکیی هەناردەکردن لە دەریای رەش بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە داخرابوو، بەڵام دواتر وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، وێستگەکە دەستی بە بارکردنی نەوت کردووەتەوە.