ئێران: ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و ئاماژەی بەوە کرد، نێوەندگیرەکان خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانن لەم بوارەدا.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران بە بەرپرسانی پاکستانی راگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک لە دانوستانەکان نەکشاوەتەوە، بەڵکو تەنیا پرۆسەکەی هەڵپەساردووە.
هاوکات جەختی کردووەتەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە پێشتر لە نێوان واشنتن و تاراندا واژۆ کراوە.
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، هەریەک لە ئێران و ئەمریکا وەڵامی خۆیان بۆ پێشنیازێکی هاوبەشی پاکستان و قەتەر رەوانە کردووە، کە مەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان دوای ماوەیەک لە گرژی و پێکدادانی سەربازی لە نێوان هەردوولادا.
سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێستادا ئاستی هێرشە سەربازییەکان بە شێوەیەکی کاتی دابەزیوە، بەڵام رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی خولێکی نوێی گرژییەکان لە ناوچەکەدا وەک خۆیان ماونەتەوە.