13 کەس بوونە قوربانی هێرشێکی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر سێ پارێزگای ئەفغانستان، لانی کەم 13 کەس کوژران کە زۆربەیان منداڵن؛ ئەمەش دوای ماوەیەک لە ئارامی، جارێکی دیکە ئاگری گرژییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و کابول خۆش دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبانی ئەفغانستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر سێ پارێزگای وڵاتەکەی، لانی کەم 13 کەس کوژراون کە 11یان منداڵن. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.
موجاهید ئاماژەی بەوەش کرد، لەو هێرشانەی ئیسلام ئاباددا کە بووەتە هۆی بەزاندنی ئاسمانی ئەفغانستان و بۆردومانکردنی ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی لە پارێزگاکانی کونار، خۆست و پاکتیکا، لانی کەم 14 کەسی دیکە بریندار بوون کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.
هەرچەندە سوپا و حکوومەتی پاکستان بە فەرمی هیچ لێدوانێکی دەستبەجێیان نەداوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئیسلام ئاباد ئەو شوێنانەی کردووەتە ئامانج کە وەک "حەشارگە و دامەزراوەی چەکدارانی پاکستان" وەسفیان کردوون و دەڵێن دژی پاکستان بەکاردەهێنرێن.
لە لایەکی دیکەشەوە ئیسلام ئاباد، حکوومەتی کابول تۆمەتبار دەکات بە حەواندنەوەی ئەو چەکدارانەی هێرشەکانی ناو پاکستان رێکدەخەن، بەڵام تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت پرسی چەکداری لە پاکستان، کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە.
ئەم پێکدادانە نوێیانە هەڕەشە لەو ئارامییە درێژخایەنە دەکەن کە لە نێوان پاکستان و ئەفغانستاندا هەبوو، کە دوای شەڕە سەختەکەی مانگی شوباتی رابردوو هاتبووە ئاراوە. هەردوو وڵات لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، بە نێوەندگیری چین رێککەوتنێکی لاوازیان بۆ ئاگربەست واژۆ کردبوو.