چین و رووسیا نیگەرانی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

پاش دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی نێوان واشنتن و تاران، چین و رووسیا هۆشداری لە تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە دەدەن و داوا دەکەن هەموو لایەک دانبەخۆدا بگرن و رێگری لە پەرەسەندنی سەربازیی ململانێیەکان بکەن.

رۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، حکوومەتی چین نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "پەرەسەندنەکان رابگرن".

لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "چین بە قووڵی نیگەرانە لە دۆخی ئێستای ناوچەکە. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارامی و دانبەخۆداگرتن بنوێنن، رێگری لە پەرەسەندنی ململانێکان بکەن و هەنگاوی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێن."

ناوبراو هەروەها داواشی کرد لە زووترین کاتدا ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی رابگەیەنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، رووسیا داوای "دانبەخۆداگرتن" دەکات لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەوەش پاش ئاڵوگۆڕی هێرشی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە بە خراپترین پەرەسەندن لە دوای ئاگربەستی 8ی نیسان هەژمار دەکرێت.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە خولی نوێی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بەهۆی دەستدرێژییە بێ پاساوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردووە."

زاخارۆڤا داوای لە هەردوو لایەن کرد دانبەخۆدا بگرن و دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکان رابگرن.