لە سیتەک 600 دۆنم زەوی و داری سروشتی سووتا

ئاگرێکی گەورە لە سنووری سیتەک کەوتەوە
ئاگرێکی گەورە لە سنووری سیتەک کەوتەوە

ئاگرێکی گەورە لە سنووری شارەدێی سیتەک سەر بە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە 600 دۆنم پووش و داری سروشتی سووتا، دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستانەوە کۆنترۆڵ کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئاگرەکە لە ناوچەکانی بزێنیان و کانی دڕکە سەری هەڵداوە و دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی دارستان و بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی روونیشی کردەوە، ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی سووتانی نزیکەی 600 دۆنم لە پووش و پاوان و داری سروشتی. 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئەوەشی خستە روو، تاوەکوو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە و لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا ساڵانە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی سەدان رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

 ناوچەی سیتەک و دەوروبەری کە بە هەبوونی ژینگەیەکی سەوز و دارستانی چڕ ناسراوە، زۆرجار بەهۆی گەرما یان کەمتەرخەمیی هاووڵاتییانەوە تووشی زیانی ژینگەیی دەبێت. لە ساڵانی رابردووشدا چەندین رووداوی هاوشێوە لەم ناوچەیەدا تۆمار کراون، بەهۆیانەوە هەزاران دۆنم لە پاوان و زەویی کشتوکاڵی سووتاون.

 دەزگاکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان بەردەوام هۆشداری دەدەنە گەشتیاران و جووتیاران لە کاتی چوونە ناو سروشتدا رێکارەکانی سەلامەتی رەچاو بکەن بۆ رێگریکردن لەم جۆرە کارەساتە ژینگەییانە.