ئیبراهیم عەزیزی: ئەمجارە جەنگ سنووردار نابێت

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا کرد و رایگەیاند: کە وڵاتەکەی لە جەنگ لەگەڵ "دۆڕاوەکان" ناترسێت، هاوکات جەختی کردەوە کە جەنگی ئەمجارە تەنیا لە سنووری ناوچەکەدا نامێنێتەوە و زیانە گیانییەکانی ئەمریکاش زۆر زیاترە لەوەی کە ترەمپ ئاشکرای دەکات.

چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: "ئێمە لە جەنگ لەگەڵ دۆڕاوەکان ناترسین."

ئاماژەی بەوە کرد، کە ژمارەی زیانە گیانییەکانی ئەمریکا زۆر لەوە زیاترە کە ترەمپ پشتڕاستی دەکاتەوە و جەختی کردەوە کە ئەم ئامارانە لە داهاتوودا هێندەی دیکە روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداریی دا کە ستراتیژیی سەربازیی واشنتن ناتوانێت مەیدانی ململانێکان کۆنترۆڵ بکات و رایگەیاند: "ئەمجارە، جەنگەکە تەنیا بە ناوچەکەوە سنووردار نابێت".

عەزیزی، بە هەڕشەیەکی توند کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی: بەرپرسانی ئەمریکا ئینجا دەبیننن کە چی روودەدات!

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی نوێی لە وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران کردبوو، بەهۆی واژۆنەکردنی رێککەوتنێکی نوێ لە لایەن تارانەوە. پەرەسەندنی ئەم جەنگە زارەکییە، مەترسییەکان بۆ فراوانبوونی مەیدانی پێکدادانە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەگەیەنێتە لوتکە.