22 وڵاتی جیهان بۆ ئێران: دەستبەجێ هێرش و هەڕەشەکانتان رابگرن
22 وڵاتی جیهان، کە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایان تێدایە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کرد، کۆتایی بە هێرشکردنە سەر کەسایەتییەکان لە نێو خاکی وڵاتەکانیاندا بهێنێت.
ئەم وڵاتانە دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بە شێوەیەکی شەرمەزارانە باندە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان لە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا بەکاردەهێنن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەوڵەکانی کوشتن، رفاندن، هەڕەشە و تۆقاندن لە دژی هەر تاکێک لەسەر خاکی ئێمە، پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێن."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس لە پشت چەندین پیلانی کوشندە و کردەوەی توندوتیژین دژی ئەم لایەنانە.
هەروەها گرووپێکی سەر بە ئێران بە ناوی "بزووتنەوەی ئەسحابول یەمین"تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش و سووتاندنی کەنیسەی جوولەکەکان لە بەریتانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا.
ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی توندترین هەنگاوی ناوە، لە ئابی ساڵی رابردوو باڵیۆزی ئێرانی دەرکرد و لە مانگی تشرینی دووەمیشدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت سووتاندنی کەنیسەیەک و قاوەخانەیەک بووە لەو وڵاتە.
لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە؛ ئەم بڕیارانە بێ بنەمان و پێچەوانەی عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
ئەو وڵاتانەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە بریتین لە؛ (ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، بەلجیکا، نەرویج، سوید، هۆڵەندا، و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی).