ئەکسیۆس: ترەمپ لەسەر پێشنیازی کووپەر هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە
"هەنگاوی داهاتوو دەبێت لێدانی 20%ـی ئەو ئامانجانە بێت کە لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسادا نە پێکرابوون"
پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی بۆردوومانە چڕەکانی سەر کەناراوەکانی ئێران دوای راسپاردەیەکی فەرمیی فەرماندەی گشتیی سێنتکۆم هاتووە کە رایگەیاندبوو هێرشە ئاسمانییەکان گەیشتوونەتە لووتکەی کاریگەریی خۆیان و سەرجەم ئامانجەکان بە فەرمی کۆتاییان پێهاتووە.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، پێگەی ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پێشنیازی راگرتنی بۆردوومانە چڕەکانی سەر کەناراوەکانی گەرووی هورمزی کردووە، بەهۆی گەیشتنی پڕۆسەکە بە بەرزترین ئاستی کاریگەریی خۆی و نەبوونی ئامانجی نوێ بۆ بۆردوومانکردن.
ئاماژەشی داوە، ئەم راسپاردەیەی فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ ئامۆژگارییەکانی راوێژکارانی تر، کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر بڕیارەکەی رۆژی هەینیی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی کاتیی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، کە ئەمەش یەکەمین جار بوو لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سوپای ئەمریکا بۆردوومانە رۆژانەکانی راگرێت. ئەم هەنگاوە دانپێدانی فەرماندە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەمریکایە بەوەی کە تەنیا هێزی ئاسمانی ناتوانێت سەرجەم ئامانجەکان لە جەنگدا بەدی بهێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کووپەر لە راسپاردەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی دوو هەفتەی رابردوو بە توندی توانای ئێرانی بۆ لێدانی کەشتییەکان لاواز کردووە، و زۆربەی ئامانجە سەربازییە دیاریکراوەکان کۆتاییان پێهاتووە؛ جەختی کردەوە، هەنگاوی داهاتوو دەبێت گواستنەوە بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە بۆ لێدانی 20%ـی ئەو ئامانجانەی لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسادا هێشتا نەکراونەتە ئامانج، ئەگەر نا بەردەوامبوونی بۆردوومانە سووکەکانی پێشوو بە تەواوی بێسوودە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، لەم هەفتەیەدا، کووپەر ڕاسپاردە و پێشنیازی خۆی دەربارەی هەنگاوەکانی داهاتوو پێشکەشی پێنتاگۆن، دەستەی ئەرکانی هاوبەش و کۆشکی سپی کردووە؛ ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، ئەم پێشنیازە، دانپێدانانێکی ئاشکرای ڕاوێژکارە سەربازی و مەدەنییەکانی سەرۆک بوو بەوەی کە ڕێکاری سەربازی بە تایبەتی هێرشی ئاسمانی سنووردارە و ناتوانێت هەموو ئامانجێک بپێکێت.
لە پاڵ ئەم راسپاردەیەدا، دانیال کەین، سوپاسالاری ئەمریکا هۆشداری توندی داوەتە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و خودی ترەمپ سەبارەت بە کەمبوونەوەی بەهێزی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد لە ناوچەکەدا، کە رەنگە هۆکار بێت بۆ لاوازکردنی توانای بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی
ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، بارودۆخی مەیدانی جەنگ شایەتی ئارامییەکی کاتییە بە ناوی "ئارامی لە بەرامبەر ئارامیدا"، و عومان و ئێران خەریکی دانوستانن بۆ دۆزینەوەی مۆدێلێک بۆ کردنەوەی بێ کێشەی گەرووی هورمز.
هاوکات مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە سەرەڕای هێشتنەوەی سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێز، بەڵام ترەمپ دەیەوێت بەم هەنگاوە فەزای پێویست بداتە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان کە ئێستا لە سەرجەم ئاستەکاندا بەردەوامن.