نزیکبوونەوەی تاران و مەسقەت؛ هورمز لە جەنگ دوور دەخاتەوە؟
سێ بەرپرسی ئاگادار بە تۆڕی CBS Newsیان راگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و رێرەوە ئاوییە هاوبەشەکان، بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستییەوە، تاران و مەسقەت نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی کرانەوەی گەرووی هورمز و ئەو رێڕەوە ئاوییانەی لە نێوانیاندا هاوبەشن، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە تاران رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ مەسقەت دەربارەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز چوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە 7ـی تەمموزدا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەژموونی تاران بەسەر گەرووەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کە لە مانگی حوزەیراندا واژۆ کرابوو، بۆ ماوەیەک ئارامیی بۆ ناوچەکە گەڕاندبووەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژانی هەینی و شەممە چەندین گەڕی گفتوگۆی تەکنیکی لە تاران لە نێوان جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان بەڕێوەچوون، روونیشی کردەوە گفتوگۆکان جەختیان لەسەر بنەما هاوبەشەکان و میکانیزمە جێبەجێکارییەکان کردووەتەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، بە جۆرێک کە مافە سەروەرییەکانی هەردوو وڵات پارێزراو بن.
بەقایی گفتوگۆکانی بە ئەرێنی وەسف کرد و رایگەیاند، راوێژە تەکنیکی و سیاسییەکان بەردەوامن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا رووینەداوە.
پێشتر لە مانگی حوزەیراندا، عومان و ئێران رایانگەیاندبوو، خەریکی تاوتوێکردنی رێککەوتنێکن بۆ بەڕێوەبردنی ئایندەی کەشتیوانی و خزمەتگوزاری و تێچووەکانی، کە ئەمەش بە توندی لە لایەن واشنتنەوە رەتکرایەوە، لەو ماوەیەدا مەسقەت رێڕەوێکی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ئاوەکانی خۆیدا دیاری کرد، ئەمەش نیگەرانی تارانی لێکەوتەوە و بووە هۆی هەڵکشانی گرژییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، پێنتاگۆن پلانێکی بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکان پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردووەتەوە واژۆی بکات و بژاردەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەڵبژاردووە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ فەرمانی راگرتنی هێرشەکانی داوە دوای ئەوەی شاندێکی عومانی بە مەبەستی رێکخستنی رێککەوتنێکی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز گەیشتوونەتە تاران.