هیندستان: بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا سێ دەریاوانمان کوژران

وەزارەتی کەشتیوانیی هیندستان گیانلەدەستدانی سێ دەریاوانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداوی عومان راگەیاند، بەو هۆیەشەوە هیندستان بە فەرمی ناڕەزایەتی ئاراستەی واشنتن کرد.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو رووداوەوە هیندستان جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکای لە نیودێلهی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی پێ رابگەیەنێت. دوو سەرچاوەی ئاگاداری هیندستان ئاماژەیان بەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بە لایەنی ئەمریکی راگەیاندووە، کە بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و خستنە مەترسیی ژیانی خەڵکی سڤیل دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بووەتە هۆی کوژرانی سێ دەریاوانی هیندی، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی رزگارکردنی سوڵتاننشینی عومان، توانراوە 21 دەریاوانی دیکەی هیندی کە لە ناو کەشتییەکە بوون، رزگار بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانیان ژووری بزوێنەری تانکەری "سیتیبیلۆ"یان بە وردی پێکاوە، کە ئاڵای پالاوی لەسەر بووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشە دوای ئەوە هاتووە کە تیمی کەشتییەکە چەندین جار هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە. واشنتن ئەو کەشتییە تۆمەتبار دەکات بەوەی گەمارۆی دەریایی شکاندووە و نەوتی ئێرانی لە ناوچەکەدا گواستووەتەوە.