سی ئێن ئێن: شاندی دانوستانکاری قەتەر هێشتا لە تارانن
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار بە تۆڕی سی ئێن ئێنی راگەیاند، ئەو شاندە قەتەرییەی کە بەیانی رۆژی چوارشەممە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران چوونە تاران، هێشتا لەو شارە ماونەتەوە.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، هەمان سەرچاوە پێشتر روونی کردبووەوە شاندە قەتەرییەکە دوای راوێژکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە تاران، ئەمەش بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ دانوستانکارانی ئێرانی بۆ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا و پێشخستنی رەوتی دانوستانەکان.
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند، ئەم سەردانە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان دەوحە و تاران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدانی هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران راگەیاند.
دوای راگەیاندنی هێرشەکان، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری شارەکانی میناب و سیریک لە باشووری وڵات و لە نزیک گەرووی هورمز بیستراوە.
هەروەها میدیا فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە شاری عەسەلوییە لە پارێزگای بوشەهر چالاک کراوە، بەڵام جەختیان کردەوە هیچ هێرشێکی دوژمنکارانە بۆ سەر ئەو شارە تۆمار نەکراوە، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی پیشەسازی وزە لە ئێران و چەندین پاڵاوگە و کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی لەسەر کەناراوەکانی باکووری کەنداو لەخۆدەگرێت.