کۆنسێرتی ئۆرکێسترای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو
لەلایەن کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی موزیک، کۆنسێرتێکی ئەکادیمی لەژێر ناوی "ئۆرکێسترای کۆلێژی هونەرە جوانەکان"، لە سلێمانی لە هۆڵی قادر دیلان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، شێرکۆ محەمەد، سەرپەرشتیاری ئۆرکێستراکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کۆنسێرتە ئەزموونی وانەی کۆژەنی بوو، کە قوتابیانی بەشی موزیک تێدا بەشدار بوون، هەروەها کۆنسێرتەکە تەنیا پێشکەشکردنی ژمارەیەک پارچەی موزیکی نەبوو، بەڵکو بوارێکی پراکتیکی و ئەکادیمیی بوو بۆ قوتابیان تا بتوانن ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی لە ماوەی خوێندنەکەیان فێری بوونە، لەسەر شانۆ و لە بەردەم بینەراندا تاقیبکەنەوە. بەم شێوەیە، کۆنسێرتەکە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی موزیکژەن و هونەرمەند".
شێرکۆ محەمەد گوتیشی، " لەو کۆنسێرتەدا هەشت بەرهەمی جیاواز پێشکەش کران، کە دوو بەرهەمیان تایبەت بوون بە ئاوازدانەری کورد. یەکێک لەو بەرهەمانە "سەمای کوردی" بوو، کە لەلایەن مامۆستا عەبدوڵڵا سەگرمەوە دانرا بوو و بەرهەمێک بوو کە رەهەندێکی نەتەوەیی و فۆلکلۆری کوردی لە خۆگرتبوو. هەروەها بەرهەمی "ئامان هەی ئامان" لە دانانی ئاوازدانەری ناسراوی کورد شیروان غەفور، یەکێکی دیکەی ئەو کارانەیە کە لەم کۆنسێرتەدا پێشکەشکرا".
ئەو میوزیکژەنە باس لە بەشێکی گرنگی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، بەشێکی گرنگی بەرنامەکە تەرخانکرابوو بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە کلاسیکییە جیهانییەکان. لەو چوارچێوەیەدا، ئەژی ئەکرەم وەک سۆلیست لەگەڵ ئۆرکێسترادا بەشداری کرد و پارچەی "رۆندۆ"ی کۆمپۆزەری بەناوبانگی جیهانی، مۆزارتی ژەنی. ئەم کارە بە یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی موزیکی کلاسیکی دادەنرێت و جێبەجێکردنی لەلایەن قوتابیان و موزیکژەنانەوە پێویستی بە ئاستێکی بەرز لە لێهاتوویی و هاوئاهەنگی هەیە".
شێرکۆ محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، " هەروەها ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆنسێرتە بریتیی بوو لە دروستکردنی پەیوەندییەکی نزیکتر لەنێوان فێرکردنی ئەکادیمی و پراکتیکی شانۆیی، هەروەها هاندانی قوتابیان بۆ بەشداریی چالاکانە لە ژیانی هونەری و کولتووریی کۆمەڵگەدا".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی موزیک، کۆنسێرتێکی ئەکادیمی لەژێر ناوی "ئۆرکێسترای کۆلێژی هونەرە جوانەکان"، لەژێر سەرپەرشتی شێرکۆ محەمەد، لە سلێمانی لە هۆڵی قادر دیلان بەڕێوەچوو.