گەشتە ئاسمانییەکانی کوەیت دەستیان پێکردەوە

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی کوەیت دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی کوەیت بڵاویکردەوە، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاراندا کایەی ئاسمانییان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستبوو و گەشتەکانیان رەوانەی فڕۆکەخانەی جێگرەوە دەکرد، بەڵام ئێستا بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان راگەیاند و ئاسمانیی وڵاتەکەیان کردەوە.

ئەم هەنگاوە دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک لە داخستنی کاتیی ئاسمانیی وڵاتەکە دێت، بڕیاری داخستنەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026 لە کاتژمێر 04:50ـەوە جێبەجێ کرابوو.

لەبارەی هۆکاری داخستنی ئاسمانیی کوێتەوە، دەستەی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکانی ئێران هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەو بڕیارە بوون. 

شەوی رابردوو لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، تاران ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکە بۆردوومان کرد، کوەیتیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ئامانجی هێرشەکانی ئێران بوو.

کوەیت یەکێکە لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو و میوانداریی چەندین بنکەی گەورەی سەربازیی ئەمریکا دەکات، لەوانە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم و کەمپی عەریفجان، ئەمانەش بە ناوەندێکی سەرەکیی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێن.

 بەهۆی نزیکیی جوگرافیی کوێت لە ئێرانەوە، هەر گرژییەک لە نێوان تاران و واشنتن دروست ببێت، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە و کایەی ئاسمانییەکەی دەبێت. 

لە رابردووشدا لە کاتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، وڵاتانی ناوچەکە بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو یان بە ئامانجگرتنی فڕۆکەی شارستانی، ئاسمانی خۆیان بە کاتی داخستووە.