وەزارەتی بەرگریی ئێران: کێشەکان بە شەڕانگێزی چارە ناکرێن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت "چارەسەری گرفتەکانی ناوچەکە، بە شەڕانگێزی و دەستدرێژی ناکرێت".
تەڵایی نیک ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی دژی ئێران شکستیان هێناوە و بە سەپاندنی گەمارۆ و فشارەکان هیچیان دەست نەکەوت، هەربۆیە ئەمساڵ لە مانگی رەمەزاندا پەنایانبردەوە بە جەنگ، بەڵام جارێکی دیکە رووبەڕووی شکست بوونەوە و نەیانتوانی ئیرادەی نەتەوەیی ئێران بشکێنن.
رەزا تەڵایی نیک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت " دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت ئەو راستیە بزانن و قبووڵی بکەن، کە رێگە چارەی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە، بە درێژەدان بە دەستدرێژی، نا سەقامگیری و شەڕانگێزییەوە ناکرێت، بۆیە دەبێت لە هەموو بەرەکاندا شەڕوپێکدادان رابگیرێت و ئاگربەست بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوژمنانی ئێران بڕوایانوابوو بە کردەی سەربازی، کوشتنی فەرماندە و زانا و بەرپرسانی ئێران، دەتوانن رێگە لە پێشکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن، بەڵام جەنگی 40 رۆژە (جەنگی رەمەزان) سەلماندی کە هەر هەڕەشەیەک لە دژی نەتەوەی ئێران دەبێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری و زیادکردنی خۆڕاگری و باشترکردنی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت" کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ شەڕێکدا دەستپێشخەر نەبووە و ناشبین، هاوکات لە بەرگریی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سازش ناکەین، هەربۆیە وەڵامێکی توند و پەشیمانکەرەوەی دوژمنان دەدەین."
ئەم قسانەی گوتەبێژی بەرگریی ئێران لە کاتێکدایە، کە شەوی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێرشێکی فراوانیان کردە سەر باشوور ئێران و چەند شارێکی دیکە، هەروەها کەمێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمشەو جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر ئێران و ئەگەر سازش نەکات و نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان، بە هەمان چارەنووسی ڤەنزوێلای دەبەن.