ده‌م پارتی: پێویسته‌ پێش پشووی پەرلەمان یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەربچێت

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیەنێت، بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە پەرلەمان رۆڵی خۆی بگێڕێت و یاسایەکی تایبەت بە پڕۆسەکە دەربکات. ئاماژە بەوەش دەدات کە دەستەبەرکردنی "مافی هیوا" و رەخساندنی زەمینە بۆ رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری دیموکراتی، مەرجێکی بنەڕەتییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند "تورکیا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و پڕۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە."

گوڵستان کڵچ جەختی کردەوە کە پەرلەمان ناوەندی سەرەکیی چارەسەرییە و گوتی "پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاسایی، دەبێت ئەو یاسایەی کە بە 'یاسای چوارچێوە' یان وەک ئۆجەلان ناوی بردووە 'یاسای خانە بنەڕەتییەکان'، پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و بەپەلە پەسند بکرێت، تاوەکو پڕۆسەکە گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت."

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای کرد کە تورکیا کۆتایی بەو پێداگرییە بهێنێت لە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان و گوتی"جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا لەبارەی دۆسیەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا، پێگەی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز دەکات و باجەکەشی 86 ملیۆن هاووڵاتی دەیدەن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوڵستان کڵێچ باسی لە پرسی "مافی هیوا" کرد و رایگەیاند "زۆر گرنگە 'مافی هیوا' کاراکتر بێت، هەروەها رەخساندنی مەرجی گونجاو و پەرەپێدانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بۆ ئۆجەلان بە مەبەستی گێڕانی رۆڵە سەرەکییەکەی لە دانوستان و چارەسەری دیموکراتیدا، مەرجێکی حەتمی و (ناکرێت بەبێ ئەو بێت) بۆ بنیاتنانی ئاشتی."

لە کۆتاییدا، داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد کە چیتر کات بەفیڕۆ نەدات و خشتەیەکی کاتی بۆ پڕۆسەکە رابگەیەنێت، هەروەها رەشنووسی یاسای چارەسەری لەگەڵ رای گشتیی هاوبەش بکات و بەر لە تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان، یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.