ئەمریکا رێکاری توندی ئەمنی بۆ مۆندیال دەگرێتەبەر
کۆشکی سپی رایگەیاند، بۆ پاراستنی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو، رێکاری ئەمنیی هاوشێوەی "سوپەر بۆڵ" جێبەجێ دەکەن و بە رێژەی 100% رێگری لە مەترسیی درۆنەکان دەکەن. ئەندرۆ جۆلیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی رێکخستنی مۆندیال لە کۆشکی سپی ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئاسانکاریی بێپێشینە بۆ هاتنی ملیۆنان هاندەر، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن کەسانی تێکدەر یان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بە بیانووی مۆندیال بچنە نێو خاکی ئێران.
ئەندرۆ جۆلیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی کۆشکی سپی بۆ رێکخستنی مۆندیال ئاشکرای کرد، پرۆتۆکۆلی ئەمنیی توندی "سوپەر بۆڵ" بەسەر سەرجەم یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها چەتری پاراستنی تەکنەلۆژیی تەواو بە رێژەی 100% بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بەسەر یاریگاکان و شوێنی کۆبوونەوەی هاندەراندا فەراهەم دەکرێت.
جۆلیانی ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئەمریکا داڕشتنێکی ئەمنیی ناوازەی داناوە کە بنەمایەکەی لەسەر هەماهەنگیی تەواوی نێوان ئاژانسە فیدراڵییەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە کلاسیکی و نوێیەکان. گوتیشی، سیستمێکی ئەمنی دروست دەکەن کە پشت بە چەندین پشتێنی ئەمنیی لێکدراو دەبەستێت، هەر لە وێستگەکانی گواستنەوەی گشتی بەرلە سواربوونی هاندەران بۆ سەر شەمەندەفەر و پاسەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە دامەزراوە وەرزشییەکان.
ئەم لێدوانانەی جۆلیانی لە میانی پانێلێکی گفتوگۆی ئاستبەرزدا هاتن کە لەلایەن "ئەنجومەنی ئەتڵەسی" لە واشنتن لەژێر ناونیشانی "فرۆنت پەیج" رێکخرابوو. لەوێدا جۆلیانی جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم خولەی مۆندیال کە بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن و هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی 250 ساڵەی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ئەمریکا 250)، بە پلەی یەکەم بەندە بە هەستکردنی هاندەران و شاندەکان بە ئارامی، پلانی ئەمنیشی بە بزوێنەری سەرەکیی پاڵەوانێتییەکە وەسف کرد.
لە رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە ئەمنی و لۆجستییە ئاڵۆزەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کە بۆ یەکەمجار لە 3 وڵاتی هاوبەش (ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، مەکسیک) بەڕێوەدەچێت، جۆلیانی ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتداران توانیویانە ئاسانکاری بۆ هاتنی ملیۆنان کەس بکەن و لە هەمان کاتدا رێکاری زۆر توند بەرامبەر بە مەترسییەکان بگرنەبەر. وەک نموونەش، ئاماژەی بە راییکردنی زیاتر لە 5 ملیۆن مۆڵەتی گەشتی ئەلیکترۆنی کرد لەلایەن کەرتی کاروباری کۆنسوڵگەریی وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانەوە بۆ هاندەرانی ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە ڤیزە نییە.
بەگوێرەی گوتەکانی جۆلیانی، ئەمریکا توانیویەتی ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی گەشتیاری لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور کەم بکاتەوە؛ بە شێوەیەک ماوەی وەرگرتنی وادەی چاوپێکەوتن لە ئەرجەنتین لە 300 رۆژەوە بۆ تەنیا 2 رۆژ کەمبووەتەوە، لە بەرازیلیش لە 700 رۆژەوە بۆ کەمتر لە دوو هەفتە کەمکراوەتەوە، بۆ دڵنیابوون لە هاتنی یاسایی هاندەران.
لە وەڵامیدا سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی کە پەیوەستن بە رێوشوێنە توندەکانی سەر هەندێک لە شاندە بیانییەکان لە سایەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستای جیهاندا، جۆلیانی بە روونی جەختی لە توندیی هەواڵگریی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "تا ئێستا پێشوازیمان لە 35 هەڵبژاردە کردووە و رێگری لە هاتنی هیچ یاریزان یان راهێنەرێک نەکراوە."
ئەم چاوپێکەوتنە پێش ئەوە ئەنجامدرا کێشەی دوورخستنەوەی ناوبژیوانی سۆمالی 'عومەر عەبدولقادر عەرتەن' و بێبەشکردنی لە ڤیزەی چوونەژوورەوە سەرهەڵبدات؛ ئەو رووداوەی کە شەپۆلێکی بەربڵاوی لە دەنگدانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بە شێوەیەک فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) هیچ پاساوێکی بۆ نەدۆزییەوە جگە لە پەنابردن بۆ سیاسەتە ئەمنییە ناوخۆییەکانی وڵاتان کە بە شێوەیەکی سەروەرانە جێبەجێی دەکەن.