22 پزیشک پشکنینی تەندروستی بۆ ترەمپ دەکەن
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ لە دوایین پشکنینی پزیشکیدا لەلایەن 22 پزیشکی پسپۆڕەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی سەرۆکەکانی ئەمریکادا رووبدات.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین پشکنینی پزیشکیدا لەلایەن 22 پسپۆڕی بواری پزیشکییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. رۆژنامەکە ئەم ژمارەیەی بە "بێپێشینە" وەسف کردووە لە چاو ئەو پشکنینانەی بۆ سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا کراون.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، راپۆرتی پزیشکیی کۆشکی سپی کە دوای پشکنینەکە بڵاوکراوەتەوە، دەری دەخات 22 پزیشک و پسپۆڕ بەشدارییان لە هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی ترەمپی تەمەن 79 ساڵ کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی ئەو پسپۆرانەی پشکنینیان بۆ سەرۆکانی پێشوو کردووە زۆر کەمتر بووە؛ بۆ نموونە، لە یەکەم پشکنینی جۆرج بوشی باوک لە ساڵی 1989 تەنیا پێنج پزیشک بەشداربوون، هەروەها لە یەکەم پشکنینی جۆرج بوشی کوڕدا 12 پزیشک بەشداربوون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆشکی سپی جۆری پسپۆڕییەکان یان هۆکاری بەشداریپێکردنی ئەو ژمارە زۆرەی پزیشکانی روون نەکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە جێی پرسیار لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکاندا کە ئایا ئەمە پەیوەندی بە تەمەنی ترەمپەوە هەیە یان تەنیا رێکارێکی خولیی ئاساییە.
لەلایەکی دیکەوە، شۆن باربابێلا، پزیشکی تایبەتی ترەمپ، لە راپۆرتێکی فەرمیدا کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڵاوکرایەوە، جەختی کردەوە کە ترەمپ "تەندروستییەکی نایابی هەیە" و "بە تەواوی شیاوە" بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پشکنینەکان سەلامەتیی دڵ، سییەکان و کۆئەندامی دەماریان نیشانداوە، جگە لەوەی تاقیکردنەوەیەکی ئیدراکیی (پەیوەست بە ژیری) بە نمرەی تەواو بڕیوە.
ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو پزیشکانە لە کاتێکدایە کە چاودێرییەکان بۆ سەر دۆخی تەندروستی سەرۆکی ئەمریکا توندتر بوونەتەوە، بەتایبەت کە بەرەو تەمەنی 80 ساڵی هەنگاو دەنێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هەبوونی شەفافیەتی زیاتر سەبارەت بە تەندروستی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا.
سەرەڕای ئەو مشتومڕانەی بەهۆی ژمارەی پزیشکانەوە دروست بووە، بەڵام راپۆرتەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بە هیچ کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار نەداوە و دووپاتی کردووەتەوە کە ترەمپ لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە لە ئاستێکی باشدایە و دەتوانێت بە شێوازێکی باش درێژە بە کارەکانی بدات.