کاتز: ئامادەین بە تەنیا هێرش بکەینە سەر ئێران

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند هەرچەندە ئەمریکا بەرەو رێککەوتن لەگەڵ تاران هەنگاو دەنێت، بەڵام ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی سەربەخۆی بۆ خۆی پاراستووە و سوپای راسپاردووە بۆ هێرشکردنە سەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران؛ جەختی کردەوە وڵاتەکەی لە ناوچە تەناهییەکانی غەززە، لوبنان و سووریا ناکشێتەوە.

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا کاردانەوەی بەرامبەر هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران نیشان دا و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و بەرژەوەندی هاوبەشمان لە رێگری لە چەکی ئەتۆمی، بەرەو رێککەوتن دەچێت، بەڵام ئێمە چاوەڕوانین ترەمپ پابەند بێت بەو پرەنسیپانەی کە رێگری لە مووشەکەکان و میلیشیا ئێران دەکەن."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی تەنیا پشت بە رێککەوتنەکان نابەستێت و ئاماژەی دا، "ئیسرائیل دەبێت توانای ئەوەی هەبێت لە داهاتووشدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات بۆ رێگری لە ئێران؛ من و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران سوپای وڵاتەکەمان راسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە خۆیان ئامادە بکەن."

کاتز بە توندی رەتی کردەوە ئیسرائیل لەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوون بکشێتەوە و رایگەیاند: "ئیسرائیل لە ناوچە تەناهییەکانی لوبنان، سووریا و غەززە ناکشێتەوە. سوپا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سنوورەکانمان لە لووتکەی جەبەل شێخ و چیاکانی لوبنانەوە تا سامیرە و زۆربەی خاکی غەززە، وەک وانەیەک لە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر." هەروەها گوتی سوپا لە کەمپەکانی باکووری سامیرە (کەناری رۆژئاوا) ناکشێتەوە و ئەگەر پێویست بکات ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر دەکەن.

ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ باس لە رێککەوتنێکی گشتگیر دەکات، بەڵام ئیسرائیل بەم پەیامە نیشانی دا کە ئامادە نییە هیچ سازشێک بکات کە کاریگەری لەسەر ستراتیژییەتەکەی هەبێت.