بەرپرسێکی ئەمریکی: ئێران تا سازش نەکات هیچ شتێکی دەستناکەوێت

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی، وردەکاریی زیاتری لە بارەی رێککەوتنی پێشنیارکراو لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد، کە پێچەوانەی ئەو زانیارییانەیە کە لەم دواییانەدا لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە.

هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی، بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند: "ئێران لەسەر رێککەوتنێکی مەرجدار بە جێبەجێکردنی کردارەکی رازی بووە، کە پێویستی بە سازشی گەورە هەیە پێش ئەوەی سزاکانی سەر تاران کەم بکرێنەوە و پارە بلۆککراوەکانی ئازاد بکرێن."

بە پێی گوتەی ئەو بەرپرسە، لە چوارچیوەی رێککەوتنە نوێیەکە دەبێت کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببرێت، هەروەها بەرنامە ئەتۆمییەکەشی هەڵبوەشێندرێتەوە؛ جگە لەوەش هیچ بڕە پارەیەک ئازاد ناکرێت تا ئەو کاتەی تاران سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "گەرووی هورمز لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە"، هاوکات "ئێران رازی دەبێت بە راگرتنی پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا".

لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: زۆر نزیکین لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە تا کاتی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی خۆیان بەدوور بگرن.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە هاوتەریب لەگەڵ شێوازی کارکردنی بەرپرسیارانە و شەفافی ئەوان، سەرجەم وردەکارییەکانی ئەم یاداشتە لە کاتی گونجاودا بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، وردەکاریی 14 خاڵی رەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە بارەی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بەندە بە "کردار و جێبەجێکردن" نەک تەنیا بەڵێنی زارەکی.

بە پێی گوتەی ئەم بەرپرسە، رێککەوتنەکە بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەناوبردن و دوورخستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک رادەستی تاران ناکرێت پێش جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکانی رێککەوتن.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری "سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار"ی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو دەنگۆ و راپۆرتانەی باس لە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن لە رۆژی یەکشەممەدا لە جنێڤ دەکەن، "دوورن لە راستییەوە".

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە "تا ئێستا هیچ دەقێکی نووسراو بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا پەسند نەکراوە".