ڤانس: ئامانجمان کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنانە بە ئەتۆمیی ئێران

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، راپۆرتەکان دەربارەی رێککەوتنەکەی واشنتن لەگەڵ تاران رەتکردەوە و رایگەیاند هیچ بڕە پارەیەک تەنیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە نادرێتە ئێران. جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە پێدانی پارە بە ئێران دەکەن لە بەرامبەر رێککەوتن و نووسیویەتی: "زانیارییە ساختەکان دەربارەی رێککەوتنی کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران زۆرن. یەکەم؛ ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینەیی وەرناگرن، و هیچ داراییەک ئازاد ناکرێت تەنیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک یان ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەکدا."

ڤانس روونیکردەوە کە رێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەدا بن. گوتیشی: "تەنیا کاتێک سوودی ئابووری دەگاتە ئێران و تەواوی ناوچەکە، کە کۆماری ئیسلامی پابەندییەکان و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەم رێککەوتنە توانای ئەوەی هەیە نەخشەی ناوچەکە دابڕێژێتەوە و بەرەو ئاشتییەکی بەردەوامی ببات."

ڤانس هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە بە گوتەی ئەو متمانە بە سەرچاوەکانی سۆشیاڵ میدیا یان زانیارییەکانی سوپای پاسداران دەکەن و رایگەیاند: " جێگای نیگەرانییە، کە هەندێک کەس متمانە بە پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەن لە کاتێکدا دەڵێن ناتوانرێت بڕوا بە یەک وشەی سوپای پاسداران بکرێت." لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە " ترەمپ ئەنجامێکی باشمان بۆ بەدەست دەهێنێت، بە هەر ئەنجامێک بێت.

ئەم لێدوانانەی ڤانس لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ هەینی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، وردەکاریی 14 خاڵی رەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە.