ئەلمۆنیتەر: تۆم بەڕاک هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات

تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و باڵیۆزی وڵاتەکە لە تورکیا، لە گەشتێکی چارەنووسسازدا سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات. ئەم سەردانە، کە یەکەمین گەشتیەتی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، لە کاتێکدایە کە واشنتن دەیەوێت فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ چەککردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و دۆزینەوەی رێڕەوی نوێی بازرگانی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی داخستنی گەرووی هورمز

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەر راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو، رۆژی دووشەممە تۆم بەڕاک، لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکان کۆببێتەوە. بەپێی سەرچاوەکان، بەڕاک داوای هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی میلیشیاکان دەکات، کە لە مانگی نیساندا هێرشیان کردبووە سەر دیپلۆماتکارانی ئەمریکی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، رۆژی سێشەممە، نێردەکەی ترەمپ دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ یەکێک لە پێشهاتە هەرە گرنگەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەڕاک لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە.

ئەو پێگەیە باسی لەوەش کردووە، ئەم سەردانە لە ساتێکی هەستیاردایە؛ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و گەمارۆکانی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی عێراق لە 3.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنیا 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە. باراک هەوڵ دەدات عێراق بەرەو هاوکاری وزە و بازرگانی لەگەڵ تورکیا و سووریا ئاراستە بکات، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە ئێران کەمبکاتەوە.

ئەلمۆنیتەر ئاماژەی دا، هەرچەندە هێزەکانی سەر بە موقتەدا سەدر و هەندێک گرووپی وەک "عەسائیبی ئەهلی حەق" ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستکردنی چەک نیشان داوە، بەڵام چاودێران بە گومانەوە دەڕواننە ئەم هەنگاوە و پێیان وایە رەنگە تەکتیکێکی ئێرانی بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا.

تۆم بەڕاک پێش گەشتەکەی، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوە و هەوڵ دەدات عێراق لەژێر هەژموونی تاران دەربهێنێت، پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بە تەواوی لە عێراق بکشێنەوە.