رۆیتەرز وردەکاریی نوێی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات، کە رێککەوتنی نوێی واشنتن لەگەڵ تاران بەندە بە جێبەجێکردنی کردارەکیی مەرجەکان، هەروەها تا کەرەستە ئەتۆمییەکان لەناو نەبرێن، پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد ناکرێت.

هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بەندە بە "کردار و جێبەجێکردن" نەک تەنیا بەڵێنی زارەکی.

بە پێی گوتەی ئەم بەرپرسە، رێککەوتنەکە بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەناوبردن و دوورخستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک رادەستی تاران ناکرێت پێش جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکانی رێککەوتن.

ئەم بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رێککەوتنەکە چەند بڕگەیەکی دیکەشی تێدایە؛ لەوانە بازرگانی و هاتوچۆی دەریایی ئاسایی لە گەرووی هورمز، هاوکات لەگەڵ راگرتنی هەر جۆرە پاڵپشتییەکی دارایی ئێران بۆ ئەو گرووپانەی کە واشنتن بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.

 

ئێران دەنگۆی واژۆکردنی رێککەوتنی جنێڤ لە رۆژی یەکشەممەدا رەتدەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری "سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار"ی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو دەنگۆ و راپۆرتانەی باس لە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن لە رۆژی یەکشەممەدا لە جنێڤ دەکەن، "دوورن لە راستییەوە".

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە "تا ئێستا هیچ دەقێکی نووسراو بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا پەسند نەکراوە".

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی کۆمەڵەی (G7)  رایگەیاند: کە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی لە شەوی رابردوو پێی راگەیاندوون گەیشتن بە رێککەوتن "ئەگەرێکی بەرزە"، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە "ئەمە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نییە".

هاوکات، بەرپرسێکی دیکەی کۆمەڵەکە، بوونی نیشانەکانی نزیکبوونەوە لە واژۆکردنی یاداشتەکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام هاوکات هۆشداریی دا لەوەی کە "پێشتریش پێشڕەویی دیپلۆماسی هاوشێوە هەبووە کە لە قۆناغی کۆتاییدا یەکلایی نەکراونەتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەشێکی زۆری دەقی رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکانی واشنتن بووەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کردبوو، لایەنی ئەمریکی لەم رۆژانەی دواییدا هەوڵی داوە "داواکاریی نائاسایی" بسەپێنێت و وا پیشان بدات کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاردا رازی بووە بە رێککەوتن.

جەختیشی کردبووەوە، کە "ئێران بە هیچ شێوەیەک لە هێڵە سوورەکان و هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆی پاشەکشە ناکات. ئەگەر بڕیار بوایە ئێران لەژێر گوشار و هەڕەشەدا پاشەکشە بکات، ساڵێک لەمەوبەر ئەو کارەی دەکرد."

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، وردەکاریی 14 خاڵی رەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە بارەی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە.

بەڵام لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس"، نووسی: ئەو مەرجانەی ئێران بۆ "میدیا ساختەکان" دزەی پێکردوون، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە شێوەی نووسراو لەسەری رێککەوتووین.

سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "پێویستە بە خێرایی رەفتارەکانیان رێک بخەنەوە.