بەرپرسێکی ئەمریکی: 85% دڵنیایین لە واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری هەیە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە یان رۆژی دووشەممە واژۆ بکرێت و داواشی لە تاران کردووە زانیارییە چەواشەکارییەکان راست بکەنەوە.

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەکسیۆس" راگەیاندووە هێشتا پێشبینی دەکات رێککەوتنە گشتگیرەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چەند رۆژەی داهاتوودا (ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە یان رۆژی دووشەممە) واژۆ بکرێت.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە پۆستەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە "زۆر پۆزەتیڤ" وەسف کردووە و گوتیشی: "داوام لە ئێرانییەکان کردووە روونکردنەوەی گشتی بڵاو بکەنەوە دەربارەی ئەو راپۆرتانەی لە میدیا دەوڵەتییەکانیان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، چونکە ئەو زانیارییانە راست نین."

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، رێژەی 80% بۆ 85% دڵنیان لەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت. بەرپرسەکە گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە هێڵی کۆتایی، بەڵام زۆر لێی نێزیکین."

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، رێککەوتنەکە ئەم خاڵە جەوهەرییانە لەخۆدەگرێت، لەوانە، دۆسیەی ئەتۆمی، تێکشکاندن و گواستنەوەی تەواوی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی ئێران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دامەزراندنی سیستەمێکی چاودێری و پشکنینی زۆر توند و ورد بۆ هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و لابردنی گەمارۆ دەریاییەکان بەڕووی بازرگانی جیهانیدا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا جەختی کردەوە، "تێگەیشتنەکان لەگەڵ ئێران پرسی لوبنانیش دەگرێتەوە." دەربارەی نیگەرانییەکانی تەلئەڤیڤ، بەرپرسەکە گوتی: "کاتێک ئیسرائیل مەرجە تەواوەکانی رێککەوتنەکە دەبینێت، هەست بە دڵنیایی دەکات. ئێمە متمانەمان هەیە کە ئیسرائیل دەچێتە ناو رێککەوتنێکی ئاشتی هەرێمی فراوانەوە."

ئاشکراشی کرد کە "کەمکردنەوەی بەرچاوی سزاکان" تەنیا بەگوێرەی "ئاستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان" لەلایەن تارانەوە دەبێت. بەرپرسەکان جەختیان کردەوە کە ئێران تەنیا کاتێک سوودی ئابووری دەبێت کە بە کردەوە مەرجەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.

سەبارەت بە دژایەتییەکانی ناوخۆی ئێران، بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی: "هەندێک لایەن لە ناوخۆی ئێران لەگەڵ ئەم رێککەوتنە نین، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن و دژایەتیکردنی رێککەوتنەکە لە ناوخۆی ئێراندا زۆر کەم و بێبایەخە."

بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاند کە دەقێکی ئامادەکراوی رێککەوتنەکە هەیە و هەردوو وڵات ئامادەن کاری پێ بکەن. جەختیشی کردەوە کە ئێران پابەند بووە بەوەی هەرگیز بەرەو پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو نەنێت.

واشنتن چاوەڕوان دەکات قۆناخی داهاتوو بریتی بێت لە 60 رۆژ دانوستانی تەکنیکی بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان. هەروەها میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان واشنتن و تاران دانراوە بۆ دروستکردنی متمانە و گەیشتن بە واژۆی کۆتایی. ئاماژەی بەوە کرد باس لەوە دەکرێت موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، لە دۆخی ئێستای دانوستانەکان و ئەو پێشکەوتنانەی هاتوونەتە ئاراوە، ئاسوودە و رازییە.

باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ هەیە لەسەر ئەوەی "ئەوروپا" ببێتە شوێنی فەرمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر شوێنەکە نەدراوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: زۆر نزیکین لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە تا کاتی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی خۆیان بەدوور بگرن.

هەروەها شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری، ئەوان بە تەواوی ئاگاداری ئەو کەمپەینە بەردەوامەی چەواشەکاریین کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە ئامانجی تێکدانی رێککەوتنی ئاشتی بەڕێوە دەبرێت.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "هیچ کاتێک ئاشتی هێندەی ئێستا نزیک نەبووە".