سایلۆی هەولێر: رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت

وەک ئامادەکارییەک بۆ پڕۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر سیستەمێکی نوێی "نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی" راگەیاند و چەند مەرج و رێنماییەکی گرنگی بۆ جووتیارانی سنوورەکە بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمساڵ پڕۆسەی نۆرەگرتن بۆ رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت، داوا لە جووتیاران کراوە پێش ئەوەی گەنمەکەیان بەرەو سایلۆکان بگوازنەوە، لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و نۆرە بگرن.

گرنگترین خاڵەکانی رێنماییە نوێیەکە بریتین لە:

1-نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی ناچارییە و بەبێ تۆمارکردن لە لینکە دیاریکراوەکە، بەرهەمی هیچ جووتیارێک وەرناگیرێت.

2- پێویستە جووتیار لەو رێکەوتەی بۆی دیاریکراوە لەبەردەم سایلۆ ئامادە بێت؛ بەپێچەوانەوە نۆرەکەی دەفەوتێت و دەبێت دووبارە ناوی خۆی تۆمار بکاتەوە.

3- پێویستە جووتیاران دڵنیا ببنەوە لە راستیی ئەو زانیارییانەی لە سیستمەکەدا تۆماری دەکەن، چونکە هەر هەڵەیەک لە زانیارییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی رێگە بە بارهەڵگرەکە نەدرێت بچێتە ناو سایلۆوە.

4- دوای تەواوکردنی پڕۆسەی تۆمارکردن بە سەرکەوتوویی، کورتەنامەیەکی (SMS) پشتڕاستکردنەوە بۆ ژمارەی مۆبایلی جووتیارەکە دەنێردرێت.

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر ئامانجی لەم هەنگاوە بە رێکخستنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەبەردەم سایلۆکان ناوزەد کردووە.

نۆرە بگرە