ئیمارات: پارەمان نەداوەتە ئێران
ئیمارات رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ ئێران گواستبێتەوە و جەخت دەکاتەوە، هیچ پارەیەکی سڕکراوی تاران لە رێگەی ئەوانەوە ئازاد نەکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتیدا بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی پارە لە ئیماراتەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دوورن لە راستییەوە.
هەروەها ئەوەشی خستە روو، ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی سێ ملیار دۆلار دەکەن هیچ بنەمایەکیان نییە و پشت بە زانیاریی دروست نابەستن.
وەزارەتەکە روونیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک پارەی سڕکراوی ئێرانی لە رێگەی ئیماراتەوە ئازاد نەکراوە یان نەگواستراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و خۆیان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و نادروست.
لە ماوەی رابردوودا هەندێک لە ئاژانسە هەواڵییەکانی وەک رۆیتەرز و میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، ئیمارات رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی 10 بۆ 20 ملیار دۆلار لە پشکە سڕکراوەکانی ئێران و گوایە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لەو بڕە گەیشتووەتە تاران.