فڕۆکەیەکی سەربازیی هیندستان کەوتە خوارەوە
سوپای هیندستان رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە پێنج سەرنشین گیانیان لەدەست دا.
هێزی ئاسمانیی هیندستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆری ئەنتۆنۆڤ (ئەن-32) لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان کەوتووەتە خوارەوە.
لە رووداوەکەدا پێنج ئەندامی هێزە ئاسمانییەکان گیانیان لەدەست داوە و تەنیا یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی ناو فڕۆکەکە رزگاری بووە و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
سوپای هیندستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و روونیشی کردەوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پێکهێناوە.
رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکان لە هیندستان پێشتریش رووی داوە، بەتایبەتی فڕۆکەی جۆری (ئەن-32) تاوەکوو ئێستا رووبەڕووی چەندین کێشەی تەکنیکی بووەتەوە.
ئەم فڕۆکەیە دروستکراوی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتە و بۆ هەڵفڕین و گواستنەوە لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکاندا بەکار دەهێندرێت.
لە ساڵی 2019 فڕۆکەیەکی هەمان جۆر دوای هەڵفڕینی لە بنکەی ئاسمانیی یۆرهات بەرەو ویلایەتی ئاروناچال پرادیش لە نزیک سنووری چین کەوتە خوارەوە و لەو رووداوەدا 13 سەرنشین گیانیان لەدەست دا.
ئێستا هێزی ئاسمانیی هیندستان نزیکەی 100 فڕۆکەی گواستنەوەی لەو جۆرە هەیە بۆ راپەڕاندنی ئەرکە لۆجستییەکانی.