ئیسرائیل: رێککەوتنی واشنتن و تاران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئێمە
ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کە ساڵانێکە کار لەسەر دۆسیەی ئێران دەکەن، هۆشداری دەدەن لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەوان جەخت دەکەنەوە، ئەم هەنگاوە مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دروست دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، ئەم بەرپرسە پسپۆڕانە رایانگەیاندووە، لایەنی ئەمریکی نەک تەنیا لەسەر چوارچێوەی گشتی رێککەوتووە، بەڵکو مەرجە سەرەکییەکانی تارانیشی قبوڵ کردووە. ئەوان دەڵێن: "ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و بووژانەوەی دەسەڵاتی ئێران، ئەمەش وەک شەپازڵەیەک وایە لە رووی گەلی ئێران."
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەم رێککەوتنەدا پرسی تواناکانی ناوەکی ئێران بۆ قۆناخێکی دواتر دواخراوە، بە سیاسەتی پێدانی قیست وەسفی دەکەن. هەروەها هۆشداری دەدەن، مەرجی گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات گۆڕدراوە بۆ دروشمێکی ناڕوون بەناوی کەمکردنەوەی گرژییەکان، لە کاتێکدا سیستەمی مووشەکیی ئێران بە هیچ شێوەیەک لە رێککەوتنەکەدا باس نەکراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ هەرچەندە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات هیچ هەڵوێستێک وەرنەگرێت زیان بە ناوبانگی دۆناڵد تڕەمپ بگەیەنێت، بەڵام ئەم سەرچاوە پسپۆڕانە بێدەنگییان شکاندووە و هەڵوێستیان دژی رێککەوتنەکە گرتووەتە بەر.
ئەو بەرپرسانە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە رێککەوتنەکە ئێران پابەند ناکات بە راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپ و ئەندامانی لە ناوچەکە، بەڵکو رێگەی بۆ خۆش دەکات دووبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان کارا بکاتەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەراوردێکیان لە نێوان ئەم رێککەوتنە و ئەو رێککەوتنە کرد، کۆتایی بە شەڕی غەزە هێنا و پرسیاریان کرد: "ئەی چی بەسەر بەڵێنی داماڵینی چەکی حەماس هات؟" هەروەها وتیان: "ئەگەر ئێران دوای 60 رۆژ لە ئاگربەست پابەند نەبێت، ئەمریکا چ فشارێکی بەدەستەوە دەمێنێت؟ هەڕەشە سەربازییە راستەقینەکە لە رەگەوە لاواز بووە."
ئیسرائیل هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رێککەوتنێک بکات کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی تاران لە ناوچەکەدا.