بۆچی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بە ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت؟
رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بە هۆی ئاستەنگی گواستنەوە و کاتی کەمەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت، ئامانج لێی وەستاندنی جەنگە بۆ ماوەی 60 رۆژ و کردنەوەی گەرووی هورمزە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـیان راگەیاند، بەرنامە وابوو نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران رووبەڕوو رێککەوتنەکە واژۆ بکەن، بەڵام بە هۆی گرفتی گواستنەوە و دوورکەوتنەوە لە پێشهاتی نەخوازراو، شێوازەکەیان گۆڕی بۆ ئەلیکترۆنی.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کرد، بە هۆی کەمیی کاتی تەرخانکراو بۆ رێککەوتنەکە، رێکخستنی گەشتی دۆناڵد ترەمپ یان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سویسرا سەخت بوو، بۆیە واژۆکردنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژارد.
لای خۆیەوە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ رێککەوتنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 60 رۆژ جەنگ دەوەستێت و گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە، هاوکات لەو ماوەیەدا گفتوگۆی چڕ لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران دەست پێ دەکات.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکان، ئەمڕۆ شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەچێتە پاکستان، ئامانجی گەشتەکەشی سەرپەرشتیکردنی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیە لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیران، رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران واژۆ دەکرێت، کە ئامانج لێی رێگریگرتنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ ئاماژەی بەوە دابوو، لە کاتی گونجاودا یۆرانیۆمی پیتێنراوی حەشاردراوی ئێران تێکدەشکێنن. دووپاتیشی کردەوە، بە پێچەوانەی رێککەوتنەکەی باراک ئۆباما، ئەم رێککەوتنە هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارەی تێدا نییە. جەختیشی کردەوە، دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکە گەرووی هورمز دەکرێتەوە.