سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هێرشەکەی سەر بەیروت بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بووە

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

قالیباف لە پەیامێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زاحییەی بەیرووت سەرکۆنە دەکات و هۆشداری دەدات یاریی پۆلیسی باش و خراپ کاتی بەسەرچووە و ناتوانن هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، "پەلامارەکانی زایۆنیستەکان بۆ سەر زاحییەی بەیروت، جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند، ئەمریکا یان ویستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نییە، یانیش توانای ئەو کارەی نییە". 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بە رژێمی زایۆنیستی ناتوانن هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن و یاریی پۆلیسی باش و خراپیش سەردەمی بەسەرچووە.

قالیباف ئەوەشی خستە روو، ئەگەر ویست و توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانتان نییە، قسەکردن لەسەر درێژەدان بەم رێگایە شتێکی ئەستەمە و هیچ ئەنجامێکی نابێت.

 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا لە گەڕەکی زاحییە، لە باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان. دوای هێرشەکەش هەریەک لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.

هێرشەکە لە کاتێکدایە؛ ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل داوە، ئەگەر زاحییەی بەیروت بۆردومان بکاتەوە، جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی دەکاتە سەری.